نێچیرڤان بارزانی: ئامادەی چارەسەركردنی كیشەكانین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:"ئامادەی چارەسەركردنی كیشەكانین لەسەر بنەمای دەستوور".
باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆڵی پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و تێکشکاندنی بەرز نرخاند. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئامادهیی ههرێمی کوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشاندا.
رۆژی پێنجشەممە 17-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ماریزیۆ گریگانتێ، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا له عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گریگانتێ خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەكاربوونی لە عێراق دەربڕیوە و پوختەیەكی لە كار و پرۆگرامەكانی داهاتووی پێشكێش كردووە.
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، جهختی له پهرهپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان کردووەتەوە.
دوایین پێشهاتهکانی شهڕی دژی تیرۆر و ههڕهشه و مهترسییهکانی داعش و رووبهڕووبوونهوهیان، تهوهرێکی دیکهی دیدارهکه بوو؛ تێیدا باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆڵی پێشمەرگەی له بهرهنگاربوونهوه و تێکشکاندنی داعش، بەرز نرخاند.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە گريگانتێ کردووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستووە، هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ پرۆگرامەكانی نیشان داوە و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیتاڵیا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا، دووپاتکردهوه.
نێچیرڤان بارزانی هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا، تیشكی خستە سەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و لەوبارەیەوە جهختی له گرنگیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەنێوبردنی تیرۆر کردهوه، ئامادهیی ههرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشاندا.
