دۆستێكی كورد: دەستەڵاتدارانی توركیا هەر خۆبەڕێوەبەرێتییەكی كوردەكان بەهەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن

3 ساڵ لەمەوپێش
سازكردنی: هیوا ناسیح
نووسەرو دۆستێكی كورد كە نزیكەی 30 جار سەردانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان و رۆژهەڵات و باكوری كردووە دەڵێت:» كورد ئەمرۆ لەعێراق و سوریادا مافە كەلتورییەكانیان بەدەستهێناوە. بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كەوتۆتە سەر ئەوەی، ئایا لەوێ دەستەڵاتی ئۆتۆنۆمی ئەو دوو جێگایە لەداهاتوودا بەئاڕاستەی دیموكراتییەت گەشە دەكات یان بەرەو پێشبڕكێی ناڕەواو حوكمڕانیی دیكتاتۆرییەتی حزبی دەچێت».
تۆماس شمیدینگەر، نووسەرو دۆستی كورد لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:" دەستەڵاتدارانی ئێستای توركیا هەر خۆبەڕێوەبەرێتییەكی كوردەكان بەهەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن، بەتایبەت كە ناوچەكە لەژێر دەستی پارتێكی دەستەخوشكی پارتی كرێكاراندا بێت، ئەمەش نەك بەو مانایەی كە ناوچەی ئۆتۆنۆمی باكورو رۆژهەلاتی سوریا هەڕەشەی سەربازی لەسەر توركیا دروست كردبێت".
نووسەرو دۆستی كورد وتیشی:" هێزی باش پڕچەكنەكراوی یەپەگە هەرگیز هەڕەشەیەكی سەربازیی نابێت بۆ دەوڵەتێكی ئەندامی ناتۆی پڕچەككراوی وەك توركیا. بەڵكو مەسەلەكە كاریگەریی ئەو نموونە باڵایەی دەستەڵاتی كوردییە كە لەسەر سنوری توركیا دەتوانێت هەیبێت، كە بەبیروباوەڕێكی پێشكەوتوخوازیی سیكولاریی پەیوەست بێت".
تۆماس شمیدینگەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" زنجیرەیەك نیشانە هەن، كەوا ئاماژەن بۆ هاوكاری و هەمئاهەنگی نێوان دەوڵەتی قوڵی توركیا لەگەڵ داعشدا، بەڵام سروشتی هەمئاهەنگییەكە بەنهێنی هێڵراوەتەوە، چیش بە تەواوی روودەدات لەو نێوانەدا، مرۆڤ تەنها كاتێك دەیزانێت، كە گۆڕانكاری لەڕژێمی توركیادا رووبدات. بەڵام ئەوەی مرۆڤ بەدڵنیاییەوە دەتوانێت بیڵێت، ئەوەیە كە داعش سود لەوە دەبینێت، كە توركیا دژی هێزەكانی هەسەدە دەجەنگێت، كە ئەمە واتا هەردوو توركیاو داعش پێكەوە دوژمنی هاوبەشی هەسەدەن. ئەمە بۆ نموونە لەم دواییەشدا نیشانیدا، كاتێك هێزەكانی هەسەدە خەریكی شەڕ بوون دژی هێرشی سەر زیندانی حەسەكە لەگەڵ داعش، كەچی توركیا لەولاوە بە درۆن هێرشی دەكردە سەر هێزەكانی هەسەدە، ئەمە بەهەر جۆرێك بێت، بریتییە لە هاوكاریكردن بۆ داعش".
ئەو نوسەرە جەختیش لەوە دەكاتەوە بارودۆخی توركیا زۆر لەوە ناجێگیرترە كە دەیبینین. ئەگەری ئازادكردنێكی عەبدوڵا ئۆجەلان لە داهاتوویەكی نزیكدا كەمە و وتویەتی:" لەتوركیادا كۆدەنگییەك هەیە لەلایەن تەواوی پارتەكانەوە لە ناسیۆنالیستەكانەوە وەك مەهەپە، ئینجا ئیی پارتی و ئەكەپە و تا دەگاتە جەهەپە، كەوا ئۆجەلان سەرۆكێكی تیرۆریستە و دەبێت تا لەژیاندا ماوە لە زینداندا بێت. بەڵام دەكرێت ئازادكردنی ناوبراو لە چوارچێوەی چارەسەرێكی كێشەی كورد لەو وڵاتەداو وەك بەرئەنجامێكی ئەو رووداوە ببینرێت، دیارە ئەمە بەدڵنیاییەوە لەژێر فشاری دەرەوە روونادات".
