کەشناسی ھەرێم: سبەینێ لە زۆربەی شارەکان بارانی بەلێزمە دەبارێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران لە ڕۆژانی داهاتودا بەڕێوەیە و بارانی لێزمەش بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بەڕێوبەرایەتییەکە سەبارەت بە شاری سلێمانی ڕایگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێ بۆ بارانی مامناوەند و بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان؛ هەروەها سبەی یەکشەممە 20ی شوباتی 2022 باران بە لێزمە دەبارێت و بەفرێکی کەمیش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
بەڕێوبەرایەتییەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، شاری هەولێر لە ڕۆژی شەممە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە شەودا دەگۆڕێ بۆ بارانی مامناوەند و بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان؛ ڕۆژی یەکشەممەش ئاسمان هەوری باراناویی دەبێت و جاروبار بە لێزمە دەبارێت.
هەروەها لەبارەی شاری دهۆکەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، هەروەها نمەبارانیش لە کاتی شەودا دەبارێت ڕۆژی یەکشەممەش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانیش لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە دەبارێت.
لە کەرکووکیش، ڕۆژی شەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانێکی مامناوەند؛ ڕۆژی یەکشەممەش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێکجار باران بە لێزمە دەبارێت.
شاری هەڵەبجەش، لە ڕۆژی شەممەدا ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت و بارانێکی مامناوەندیش لە ئێوارەدا دەبارێت؛ ڕۆژی یەکشەممەش ئاسمان هەوری باراناویی دەبێت و هەندێکجاریش بە لێزمە دەبارێت.
