نوری مالیکی: نابێت کوردستان تاک لایەنە یاسا پێشێل بکات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوری مالیکی ڕایگەیاند:" هیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتەکەی مالیکی و حکومەتی هەرێم لەساڵی 2007دا نەکراوە بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت "نابێت کوردستان تاک لایەنە یاسا پێشێل بکات".
نوسینگەی نوری مالیکی ئەمڕۆ شەممە 19-2-2022 لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێکی ڤیدیۆیی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی بڵاودەکرێتەوە کە باس لە بوونی رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتەکەی نوری مالیکی و حکومەتی هەرێم دەکات، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە رێگە بە هەرێم دەدرێت گرێبەستی نەوتی بکات ئەگەر تاوەکو مانگی ئایاری ساڵی 2007 یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرنەچێت."
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هیچ رێککەوتنێک نەبووە لەنێوان حکومەتی ئەوکاتی عێراق و حکومەتی هەرێم، وتەکەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلالیش مەبەست لێی پێشنیازێکی زاڵمای خەلیل زاد، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکابوو لەعێراق کە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە پێشنیازی کردبوو".
نوسینگەی نوری مالکی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەوکاتیش سەرۆک وەزیران پێشنیازەکەی رەتکردوەتەوە چونکە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و یاساش بۆ هەمووانە، نابێت هیچ کەسێک بەشێوەیەکی تاک لایەنە یاسا پێشێل بکرێت.
