بەریتانیا: روسیا پلانی هەیە گەورەترین جەنگ لە ئەوروپا بەرپابکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند:" روسیا پلانی هەیە گەورەترین جەنگ لە ئەوروپا بەرپابکات".

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی BBC رایگەیاندووە، هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە جێبەجێکردنی پلانەکەی رووسیا بۆ بەرپاکردنی ئەو جەنگە "بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیپێکردووە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە میونشن هەڤپەیڤینەکەی ئەنجامداوە، کە سەرکردەکانی جیهان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن چاویان بە یەکدی کەوت. جۆنسن ئاماژەی بەوە کرد، زانیارییە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە رووسیا بەنیازی داگیرکارییە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی حکومەتی ئەمریکا، 169 هەزار بۆ 190 هەزار سەربازی رووسی بە درێژایی سنووری رووسیا و بێلاڕووس لەگەڵ ئۆکراینا جێگیرکراون، ئەو ژمارەیەش چەکدارە یاخیبووەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرایناشی لەخۆگرتووە.

بۆریس جۆنسن هۆشداری دەدات لەوەی کە هەر پێکدادانێک دەکرێت "خوێناوی و درێژخایەن بێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێدەچێت "بەشێوەیەکی نالۆژیکی لەمبارەیەوە بیربکاتەوە" و "ئەو کارەساتە نەبینێت کە لەپێشە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا سزا و گەمارۆی زیاتر لەوەی پێشنیازکراوە لە دژی رووسیا رادەگەیێنن، لەنێویاندا راگرتنی کۆمپانیاکانی رووسیا لە "مامەڵەکردن بە پاوەند و دۆلار لە کاری بازرگانیدا"، کارێک کە جۆنسن پێیوایە "زۆر زۆر کەمەرشکێن دەبێت".

بەپێی پێشبینییەکانی جۆنسن، داگیرکاریی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە زیاتر دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناتۆ وەک لە لاوازبوونی، لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر [پووتین] پێیوایە بەم کارە ناتۆ لاواز دەکات، ئەوە بە تەواوی هەڵەیە.. ناتۆ بەهێزتر دەبێت".

ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا نییە، بەڵام پەیوەندیی تووندوتۆڵی لەگەڵیان هەیە. رووسیا سوورە لەسەر ئەوەی کە نابێت رێگە بە وڵاتە دراوسێکەی بدرێت بچێتە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ، کە بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی رووسیای دەبینێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار