بڵێسە جەبار فەرمان: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەستوورییە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:"بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی‌ بە نادەستووری ناساندنی یاسای نەوت و غازی کوردستان دەستوورییە، دەشڵێت، "گرێبەستەکان و دۆسیەی نەوتی هەرێم ناشەفافن و سەرکەوتوو نەبوون".

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆڕبەندی سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان رایگەیاند: "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەستوورییە و لە دەستووردا نوسراوە کە سامانە سروشتییەکان موڵکی تەواوی عیراقییەکانە و دەرهێنانی نەوت لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵییە".

دەشڵێت، "بۆ لەمەودوا دەبێت بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شاندی لایەنێکی هەرێم چوونەتە وڵاتێکی دراوسێ تا غازی هەرێم وەک نەوت هاوردە بکرێت ئەمەش هۆکارێک بووە لە دادگا ئەم بڕیارە بدرێت".

باسی لەوەشکردووە، "دەمانزانی کە رۆژێک حکومەتی عیراق بە هەرێم دەڵێت، بەسە و نابێت لەمە زیاتر بەمجۆرە نەوت بفرۆشن"، دەشڵێت، "گرێبەستەکان و دۆسیەی نەوتی هەرێم ناشەفافن و سەرکەوتوو نەبوون".

روونیشتیکردەوە: "ئەم ناتەباییەی لە هەرێمدا بوونی هەیە زیانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەدات"، دەشڵێت، "لەو بڕوایەدام کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە دادگای فیدڕاڵییەوە بڕیاری دیکە لە دژی هەرێم بدرێت".

راشیگەیاندووە: "ئەو لێدوانانەی هەرێم کە باس لە نادەستووری بوونی بڕیارەکەی دادگا دەکەن باش نییە، بەڵکو دەبێت بزانین کە دواتر چۆن کار لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەین".

بڵێسە جەبار فەرمان دەشڵێت: "هێشتا درەنگ نییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و دەبێت بزانین چیمان لە بەغدا دەوێت".

رەخنەی لە حکومەتی زۆرینە لە عیراقدا گرت و وتی: "لەو بڕوایەداین کە حکومەتی زۆرینە لە عیراقدا بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرینەمان لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نین و دەزانین کە هەرزان فرۆش دەکرێت".

یەکێتی، یەکێکە لە حزبە بەشدارەکانی حکومەتی هەرێم و عیراق و پۆستی باڵای هەیە و چەندینجار بەرپرسانی حزبەکە باسیان لەوەکردووە کە ئاگاداری داهاتەکانی هەرێمن.

وتووشییەتی، "وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان دەیوت کە نرخی نەوت هەرچەند بێت ئێمە مووچەمان پێنادرێت کە ئەمەش دەریدەخات گرێبەستەکان کێشەیان تێدایە"، دەشڵێت، "لە دوای 2005ـەوە تا ئێستا بەردەوام لە بەغدادا لاوازتربووین، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم هەڵوێستەی لەسەر بکات".

بڵێسە جەبار فەرمان، راشیگەیاندووە: "رۆژێک بەغدا بە دراوسێ دەزانین رۆژێک بە نێوەندی ستراتیژ دەزانین ئەمە وادەکات لاوازبین".

کۆڕبەندی سەنتەری نالیا بۆ راوێژ و سیاسەتە گشتییەکان بۆ تاوتوێکردنی‌ لێکەوتەکانی بڕیاری‌ دادگای‌ باڵای فیدڕاڵی‌ عیراق لەبارەی‌ بە نادەستوری ناساندنی یاسای نەوت و غازی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار