قوباد تاڵەبانی: ‎تەواوی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان، لەپێناوی ئەوەدا بوون کە بوونێکی سەربەخۆ و ئازادانەمان هەبێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" تەواوی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان، لەپێناوی ئەوەدا بوون کە بوونێکی سەربەخۆ و ئازادانەمان هەبێت".

قوباد تالەبانی، جیگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەیامێكدا رایگەیاند:" ویستوومانە بە ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆمانەوە بناسرێینەوە، نەک هی نەتەوەیەکی تری سەردەست. لە دیارترینیشیان، زمانەکەمانە. ‎ئێمە بەرگریمان لە زمانی کوردی کردووە و ئەویش بەرگریی لێ کردووین. چونکە ئەگەر ئەم زمانە نەبووایە، نەماندەتوانی بەردەوامی بە خەباتی نەتەوەییمان بدەین و هەر هەوڵێکیش بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەییمان، بەبێ گرنگیدان بە زمانی کوردی، بێئەنجام دەبێت".

‎جێگری سەرۆكی حكومەت نوسیویەتی:"ئێمەی کورد، هەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، ئەوا باشتر دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی کوردبوونمان بکەین و دەشتوانین دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست بهێنین. ‎ئەرکی هەموومانە، هەم حکومەت و هەم تاک بە تاکی هاوڵاتییان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا بکەین؛ ڕووبەرەکانی بەکارهێنانی فراوانتر بکەین و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتری بکەین. ‎با هەموومان بە شانازییەوە بە زمانی شیرینی کوردی بڵێین: من کوردم و زمانی کوردی، زمانی دایکی منە". ‎ 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار