بانکی ناوەندیی عێراق بەحەوت خاڵ هۆكاری بەرز هێشتنەوەی نرخی دۆلاری رونكردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بانكی ناوەندی عێراق بە حەوت خاڵ هۆكاری بەرز هێشتنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار روندەكاتەوە و رایگەیاند:" گۆڕانکارییش لە نرخی دۆلار لەماوەی کورتمەودا بازاڕی ناوخۆیی دەشڵەژێنێت".
مستەفا غالیب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی بە حەوت خاڵ وەڵامی پرسیاری هادی حەسەن سەلامی، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نرخی فرۆشتنی دۆلار دەداتەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە:
یەکەم: ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی چەسپاوی نرخی فرۆشتنی دراو جێبەجێ دەکەن، بۆ سیاسەتی نرخی فرۆشتنی دراویان دەگەڕێتەوە، کە بابەتێکی ستراتیژییە و بانکی ناوەندی بەڕێوەی دەبات بە راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەت و بەپێی دۆخی ئابووری.
دووەم: بانکی ناوەندیی عێراق، سیستەمی نرخی فرۆشتنی چەسپاو جێبەجێ دەکات، کە بەرپرسە لە دیاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.
سێیەم: بڕیاری گۆڕانکاریی نرخ بە فەرمی لە 20/12/2020 دراوە، لە ئەنجامی دۆخی ئابووری و دارایی بووە، کە عێراق لە ساڵی 2020 پێیدا تێپەڕیوە، بە داواکاری راستەوخۆی وەزارەتی دارایی بووە، ئەنجامی گفتوگۆکانیش بووە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی.
چوارەم: ئەو هۆکارانەی وایکرد گۆڕانکاریی لە نرخی دۆلار بکرێت بریتین لە:
آ: پشتبەستن بە نرخی کەمیی دۆلار بەرامبەر دینار، بەرهەمی ناوخۆیی دەستەوسان کرد لە کێبڕکێکردنی کاڵای هاوردەکراو. بەو بڕیارە تایبەتمەندی باشتر درایە بەرهەمی ناوخۆیی لە کاڵای هاوردەکراو، بەشێوەیەک گۆڕانکارییەکە لە نرخی فرۆشتن نزیکەی 23٪ بووە.
ب: کەمبوونەوەی داهاتی گشتی، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2020دا، کە ئەمەش لە ئەنجامی لێکەوتەکانی کۆرۆنا و داخستنی بازاڕەکانی جیهانی بوو، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بووە نزیکەی 20 دۆلار لە ساڵی 2020دا، بۆیە گۆڕانکاریکردن لە نرخی دۆلار، داهاتی زیاتری بۆ دارایی گشتی فەراهەم کرد.
ج: بەهۆکاری گوشارەکانی سەر خەرجی و پەنابردن بۆ قەرزکردن، قەرزی ناوخۆیی لە کۆتایی ساڵی 2019دا لە 38 تریلیۆن دینارەوە بۆ 64 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2020 زیادیکرد.
د: بەهۆکاری قەرزەکانەوە، رەسیدی دراوی دەرچووی ئاڵوگۆڕکراو لە نزیکەی 52 تریلیۆن دینار لە ساڵی 2019ەوە بۆ 66 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2020 زیادی کرد.
هـ: لە ژێر ئەم رۆشنایانەی کە باسکران دۆخی دارایی وڵات، هەڕەشەیەکی مەترسیداری بۆ سەر دۆخی یەدەگی بیانی دروستکرد، بۆیە بڕیارەکە نیشتمانی و ستراتیژی بوو، بە ئامانجی پاراستنی سامانی نیشتمانی و کەرتی بەرهەمهێنانی راستەقینە.
پێنجەم: نرخی فرۆشتنی ئێستا، نرخێکی پەسندە لەلایەن حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەرجییە زیادبووەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنان و دانەوەی قەرزی ناوخۆیی.
شەشەم: گۆڕانکاریی لە نرخی دۆلار لەماوەی کورتمەودا بازاڕی ناوخۆیی دەشڵەژێنێت و هەڕەشە لە وەبەرهێنان دەکات و ئابووری تووشی گەشەنگ بوون دەکات و متمانە بە سیاسەتی دارایی لاواز دەکات.
حەوتەم: سامانی نەوت بە دینار یاخود دۆلار بێت لە ژمێرەی وەزارەتی داراییە، هەر جیاوازییەک پێویستە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کورتهێنانی پلان بۆ دانراو.
بانکی ناوەندیی عێراق، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20٪ بەرزکردەوە.
