مەلا بەختیار: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەم کاتەدا شەڕ پێفرۆشتنە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند:" بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەم کاتەدا "شەڕ پێفرۆشتنە" بە هەرێمی کوردستان و دروستکردنی کێشە و قەیرانی نوێ بوە".
بۆیە داوا دەکات لایەنەکانی هەرێم و بەتایبەت پارتی و یەکێتی ناکۆییەکانیان چارەسەر بکەن بەپێچەوانەوە "دۆخمان لەبەغدا و ناوچەکەش لەئێستا خراپتر دەبێت".
ئەمڕۆ دوشەممە 21-2-2022، مەلا بەختیارئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەسلێمانی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، کاردانەوە و پێشوازی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق جۆرێک لە "رەق و زوخاو هەڵڕشتن بوو بەرامبەر کێشەکانیان و هاوڵاتیان داوا دەکەن حکومەت کاربکات بۆ چارەسەر کێشەکان، ئەگەر نا من باوەڕم وایە هاوشێوەی ساڵی 2014 و هاتنی داعش، هاوڵاتیانی کوردستان ئەگەر رەخنە و ناڕەزاییشیان هەبێت لەسەر دۆخی حکومڕانی، بەڵام ئەگەر مەترسی لەسەر قەوارەکەی هەرێم دروست ببێت ئامادەن روبەروی مەترسییەکان ببنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، باشتروایە لە قۆناغی داهاتو حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ ئەوەی لەرێگەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەوە هاوڵاتیان و میللەت لە خۆی رازی بکات.
پەیوەست بە دۆسیەی ژهرخواردکردنیشی مەلا بەختیار وتی، "من ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگم و نامەی فەرمیم بۆ مەکتەبی سیاسی نوسیوە و بەهەمو بەڵگەنامەکانەوە بۆم ناردون، هەروەها لەگەڵ هەڤاڵ بافڵیش دانیشتووم ئاماژەکانم هەموو داوەتێ، بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەکەم مەکتەبی سیاسی لیژنەی لێکۆڵینەوە دابنێن بۆ ئەوەی منیش قسەبکەم".
ئەوەشی خستەڕو، "بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم کاتەدا یەکێتی توشی کێشەی سەرۆک کۆمار و ناکۆکی لەگەڵ پارتی بووە و نەیانپرژاوە ئەو لیژنەیە دابنێن، بۆیە جارێکی داوا دەکەم حەقە وەختێکی کەمیش بەو کەیسەی من بدەن چونکە بابەتێکی خەتەرناکە لەسەر ئەمنی یەکێتی و هەڤاڵانی یەکێتی".
