تورکیا: بریارەكەی پوتن قبوڵكراو نییە و رەتیدەكەینەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند :"ئەم بڕیارەی روسیا بە قبوڵنەکراو دەزانین و رەتیدەکەینەوە".
وەزارەتەکە راگەیێندراوێکی لە بارەی بڕیارەکەی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیاری ناسین و دانپێدانان بە کۆماری گەلی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوھانسک لەلایەن روسیاوە پێچەوانەی رێککەوتنی مینسکە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای یەکپارچەیی خاک، سەروەری و یەکێتی سیاسیی ئۆکراینایە".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "ئەم بڕیارەی روسیا بە قبوڵنەکراو دەزانین و رەتیدەکەینەوە. بەم ھۆیەوەش جەخت لە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پاراستنی یەکپارچەیی و یەکێتی سیاسیی ئۆکراینا دووپاتدەکەینەوە و بانگھێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین، دان بەخۆیاندابگرن و پابەندی مافە نێودەوڵەتییەکان ببن".
دوای ئەوەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە پرۆژەبڕیاری ناساندنی دەسەڵاتی جوداخوازەکانی لایەنگری رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەشێوەیەکی فەرمی، کە لەلایەن باڵی خوارەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی پێشکێش کرابوو، گوتارێکی لە پێشکێشی گەلی رووسیا کرد.
پوتین لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە کیێڤ جگە لە "بڕیاری سەربازیی لە دۆنباس، دانی بە ھیچ بڕیارێکی دیکەدا نەناوە" و رایگەیاند: "لەوبارەیەوە بە پێویستی دەزانم بڕیارێک، کە زۆر دواکەوتووە، سەبارەت بە ناسینی سەربەخۆیی دەستبەجێی کۆماری گەلی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوھانسک، بدەم".
دوای وتارەکەشی، سەرۆکی روسیا لە کۆشکی کرملین، سەرەتا بڕیارنامەیەکی بۆ ناسینی سەربەخۆیی "کۆماری گەلی دۆنێتسک" و دواتر بڕیارنامەیەکی دیکەی بۆ ناسینی سەربەخۆیی "کۆماری گەلی لوھانسک" واژۆکرد. لەمیانی رێورەسمی واژۆکردنەکەدا، نوێنەری ئەو دەسەڵاتانەش ئامادە بوون.
ھەر لە رێورەسمەکەدا رێککەوتننامەی "دۆستایەتی" و "ھاریکاریی" لەنێوان روسیا و جوداخوازەکاندا واژۆکرا.
رۆژی 15ی شوبات باڵی خوارەوەی پەرلەمانی رووسیا ئەو بڕیارەی پەسەندکردبوو، کە داوا لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەکات بەڕێوەبەرایەتیی جوداخوازەکانی لایەنگری رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەشێوەیەکی فەرمی بناسێنرێن و بڕیارەکەی رەوانەی کرملین کردبوو.
