چوارچێوەی هەماهەنگی: حکومەت بەبێ یەکدەنگی ناو ماڵی شیعەکان پێکناهێنریت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاند:"حکومەت بەبێ یەکدەنگی ناو ماڵی شیعەکان پێکناهێنریت، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە کات هەیە تاوەکو لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت، بۆیە لە مانگی 4 ی ئەمساڵدا حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەشێک دەبێت لەو حکومەتە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22-2-2022، ترکی جدعان، سەرکردە لە چوارچێوەی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەبێ یەکدەنگی ناو ماڵی شیعەکان پێکناهێنریت، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە کات هەیە تاوەکو لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت، بۆیە باوەڕی وایە لە مانگی (نیسان/4)ـی ئەمساڵدا حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەشێک دەبێت لەو حکومەتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوارچێوەی هەماهەنگی کاریکردووە بۆ پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمانی و لەئێستادا 130 بۆ 140 پەرلەمانتاری هەیە، چاوەڕێش دەکرێت 20 پەرلەمانتاری دیکەی سەربەخۆ بێنە ناو هاوپەیمانییەکە و بەوپێیەش دەبێت بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق.
لەبارەی رێککەوتنیش لەگەڵ رەوتی سەدر، سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی وتی، "لێکتێگەیشتن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدردا هەیە و لەداهاتویەکی نزیکدا چارەسەری ناکۆکییەکان دەکەین، هەوڵەکانیش چڕکراونەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک بەبەشداری هەموو لایەنەکان تاوەکو ئەو حکومەتە بتوانێت روبەروی ئاستەنگییەکانی بەردەم وڵاتەکەمان ببێتەوە".
چوارچێوەی هەماهەنگی پێکدێت لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالکی، هاوپەیمانیی فەتح، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت (عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی) و بزووتنەوەی عەتا، بە سەرۆکایەتیی فالح فەییاز، بزووتنەوەی حقوق (باڵی سیاسی کەتائیب حزبوڵڵا) و حیزبی فەزیلە.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە چەندین شێواز و لە چەندین لاوە هەوڵی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021یان دا، بەڵام لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون.
