بایدن سزای بەسەر هەردوو ناوچەی لۆهانسک و دۆنیتسکدا سەپاند

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدوای بەسەربەخۆ راگەیاندنی هەردوو ناوچەی لۆهانسک و دۆنیتسک لە هەرێمی دۆنباس لەلایەن سەرۆكی روسیاوە، بایدن سزای بەسەر هەرێمەكاندا سەپاند و رایگەیاند:"ئامانج لە بڕیارەکە بێبەشکردنی روسیایە لە سوود وەرگرتن لەو ناوچەیە".
لەدوای بڕیاری سەرۆکی رووسیا بە داننان بە سەروەری هەردوو ناوچەی لۆهانسک و دۆنیتسک لە هەرێمی دۆنباس وەک دوو "کۆماری سەربەخۆ" و ناردنی تانک و زریپۆشی رووسی بۆ نێو خاکی ئەو دوو ناوچەیە، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سزادانی رووسیای دەرکرد.
جۆ بایدن لە تویتەر نووسی: "من بڕیارێکی جێبەجێکاریم واژۆکرد تاوەکو رووسیا لە دەرفەتی سوودوەرگرتن لە پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی، بێبەش بکەم. ئێمە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوومان، بەردەوام لە نزیکەوە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەکەین لەنێویاندا ئۆکراینا".
بایدن لە تویتەر ئاماژەی بە جۆر و چۆنیەتی سزاکانی نەدا، بۆیە کۆشکی سپی ئەمریکا راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "بڕیارە جێبەجێکارەکەی بایدن بە خێرایی لەسەر هەنگاوە نایاساییەکەی پوتین دەرکرا تاوەکو مۆسکۆ نەتوانێت هیچ سوودێك لە هەردوو ناوچەی لۆهانسک و دۆنیتسک ببینێت".
کۆشکی سپی روونیکردەوە "بڕیارەکەی بایدن بریتییە لە سەپاندنی سزا بەسەر هەردوو ناوچەکە، بەو جۆرەش هیچ ئەمریکییەک ناتوانێت هیچ جۆرە وەبەرهێنانێك لەو دوو ناوچەیە بکات و هیچ کەسێكیش مافی نییە لەو دوو ناوچەیە کار لەگەڵ کەسانی ئەمریکی بکات".
هەروەها بڕیارە جێبەجێکارییەکەی بایدن هەموو جۆرە بازرگانی و گواستنەوەی پارە و حەواڵە داراییەکان لەگەڵ ئەو دوو ناوچەیە قەدەخە دەکات.
شەوی دووشەممە 21-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیا لە وتارێکدا دانی بە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی 'لوهانسک' و 'دۆنیتسک'ی هەرێمی دۆنباس نا و رێککەوتنی لەگەڵ واژۆکردن. هەروەها رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت و رایگەیاند، وڵاتەکەیان لە "دەرەوە" کۆنترۆڵکراوە و داوای کرد دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان رابگرن.
ئەو هنگاوەی پووتین کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا؛ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە تویتێکدا بڕیاری دانپێدانانی هەردوو ناوچەکەی سەرکۆنەکرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی پووتین "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان دادەڕووخێنێت،" گوتیشی کە هەنگاوەکە دژی رێککەوتننامەی مینسکە.
ستۆڵتنبێرگ دەشڵێت، ناتۆ پاڵپشتی لە سەروەریی ئۆکراینا دەکات و داواشی لە رووسیا کرد چیدی شەڕەکە خۆش نەکات و رێگەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر.
لای خۆشیەوە، رۆژی سێشەممە 22-2-2022 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، کە دوێنێ شەو قسەی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی کردووە و پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ دووپاتکردووەتەوە. بلینکن دەڵێت، ئەم هەنگاوەی پووتین چاوەڕوانکراو بوو و "جێگەی شەرم" بوو.
