دادگایی فیدراڵی: پێدانی کورسی پەرلەمانی بە پێکھاتەکان نادەستوورییە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند:" لە پێناو بەدیهاتنى یەکسانى" بڕیاریانداوە بەوەى سێ بڕگەى مادەى 13ى یاسای هەڵبژاردنەکان نادەستوورین، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسیی کۆتای هەر سێ پێکهاتەى شەبەک، ئێزدى و کوردى فەیلی".
ئەمڕۆ سێشەممە 22-02-2022 دادگاى باڵاى فیدڕاڵىی عێراق دانیشتنێکى تایبەتى ئەنجامدا لەبارەى سکاڵایەکەوە، کە خالیدە خەلیل رەشۆ، ئەندامى کوردی ئێزدى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەدژى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە پێشکەشى دادگاکەى کردوە.
لەو سکاڵایەدا پەرلەمانتارە ئێزدییەکە تانەى لە بڕگەیەکى مادەى 13ى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق داوە، کە ساڵى 2020 لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە دەرکراوە و تیێیدا ئاماژەى بەوەکردوە یاساکە مافى داوەتە کریستیانەکان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، کە دوو کورسیی کۆتایان هەبێت لەکاتێکدا هیچ کورسییەکى کۆتا لەوشارە بۆ ئێزدییەکان نییە کە بە وتەى سکاڵاکارەکە ژمارەیان لەو پارێزگایە زیاترە لە کریستیانەکان.
دادگاى باڵا فیدراڵى ئاماژەى بەوەداوە: "لە پێناو بەدیهاتنى یەکسانى" بڕیاریانداوە بەوەى سێ بڕگەى مادەى 13ى یاسای هەڵبژاردنەکان نادەستوورین، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسیی کۆتای هەر سێ پێکهاتەى شەبەک، ئێزدى و کوردى فەیلی، هەروەها بڕیاریداوە کە داوا لە ئەنجوومەنى نوێنەران بکات لەبرى ئەو سێ بڕگەیەى یاساى هەڵبژاردنەکان بڕگەى جێگرەوە گەڵاڵە بکات، تاوەکو بنەماى یەکسانى لەنێوان ئەو سێ پێکهاتەیە و هەریەک لە پێکهاتەکانى دیکەى کریستیان و سابیئە بچەسپێت.
بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کریستیانەکان پێنج کورسیی کۆتایان لە ئەنجوومەنى نوێنەران هەیە کە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانى بەغدا، کەرکووک، نەینەوا، هەولێر و دهۆک، لەکاتێکدا ئێزدییەکان و شەبەک یەکى یەک کورسیی کۆتایان لە پارێزگاى نەینەوا هەیە، هاوکات کۆتایەک بۆ کوردانى فەیلی لە پارێزگاى واست و کۆتایەکى دیکە بۆ سابیئە لە بەغداى پایتەخت دیاریکرابوو.
