بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر هاوكاری یەكتر نەكەین ژیانی خەڵك لەهەندێك ناوچە دەكەوێتە مەترسیەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند:" لەم قۆناغەدا لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیی هاوکاریی کردنی یەکتر هەیە، چونکە "ئەگەر ئەمە نەكرێت ئارامی و ئاسایشی خەڵك لە ھەندێك ناوچە دەكەونە مەترسییەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی شوباتی 2022 بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی كرد لە وەفدێكی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرپەرشتی كۆڵۆنێل تۆد بورۆ و لە دیدارێكدا جەخت لە گرنگی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرایەوە.
لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەوەشی ڕاگەیاند، "مەترسی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە هاریکاریی یەکدی بین".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لەم دۆخە سیاسییە ناجێگیرەدا، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیی هاوکاریی کردنی یەکتر هەیە، چونکە "ئەگەر ئەمە نەكرێت ئارامی و ئاسایشی خەڵك لە ھەندێك ناوچە دەكەونە مەترسییەوە".
هەروەها بافڵ تاڵەبانی بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند، پەرۆشن بۆ درووستکردنی هێزێکی هاوبەشیی نیشتیمانی و ڕێکارەکانی درووستکردنی بەرەوپێش چوون و "یەكێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێكی كوردستانیی یەكگرتووی پڕچەك و راھێنراوە لەسەر بنەما و زانستی سەربازی سەردەم".
