پوتن: وڵاتەکەمان هەمیشە کراوەیە بۆ دیالۆگی راستگۆیانە و راستەوخۆ

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

سەرۆکی روسیا رایگەیاند:" "وڵاتەکەمان هەمیشە کراوەیە بۆ دیالۆگی راستگۆیانە و راستەوخۆ، بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کێشە هەرە ئاڵۆزەکان".

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی شوباتی 2022، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی "رۆژی بەرگری لە خاکی باوباپیران"، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوە کرد کە "وڵاتەکەمان هەمیشە کراوەیە بۆ دیالۆگی راستگۆیانە و راستەوخۆ، بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کێشە هەرە ئاڵۆزەکان".

سەرۆکی روسیا ستایشی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیی کرد کە هەمیشە ئامادەی جەنگن و گوتی، دڵنیایە لەوەی کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی وڵاتەکەیان.

وتەکانی پووتین لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە 22-02-2022 بە زۆرینەی دەنگ ناردنی هێزی بۆ ئۆکراینا پەسندکرد و سەرۆکی روسیاش فەرمانی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "ئاشتیپارێزی" لەو دوو ناوچەیەی دانی بە سەربەخۆییاندا ناوە.

لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا سەرۆکی روسیا وتیشی، "بەردەوام دەبین لە گەشەپێدانی سیستمی چەکی پێشکەوتوو، لەنێویاندا هایپەرسۆنیک و ئەوانەی لەسەر بنچینەی فیزیایی نوێ بونیاد دەنرێن، هەروەها تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیی پێشکەوتوو بەشێوەیەکی فراوان و هۆکارەکانی هەواڵگریی دەستکرد زیاتر بەکاردەهێنین".

بەرپرسانی رۆژئاوا چەند هەفتەیەکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە سەرۆکی روسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی تەواوی ئۆکراینا دەکات.

رۆژی سێشەممە 22-02-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چەند سزایەکی دژی روسیا راگەیاند و وتیشی، داگیرکردنی ئۆکراینا "دەستیپێکرد"، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار