حكومەتی هەریم: بڕیاری دادگای فیدراڵی نادەستووری و نادادپەروەرانەیە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری و نادادپەروەرانەیە".
رۆژی چوارشەممە 23 ی شوباتی 2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە رۆژی 15-02-2022 کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "دوای گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنەی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری و نادادپەروەرانە دادەنێت".
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی، ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیر کراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی 2005 دەنگیان بەو دەستوورە دا. لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە".
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستەڕوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لە هەموو دیدارەکانماندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان روونکردەوە و جەختمان لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".
