تورکیا: لەریگەی ئینتەرپۆڵەوە داوامان لە ئیمارات كردووە سێدات پێکەر رادەستمان بكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



  هاوڵاتی

وەزارەتی دادی تورکیا رایگەیاند:" لەریگەی ئینتەرپۆڵەوە داوامان لە ئیمارات كردووە سێدات پێکەر رادەستمان بكاتەوە".

ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە وەزارەتی دادی تورکیا هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی سێدات پێکەرلە ئیماراتەوە پەلکێشی تورکیا بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێی ئینتەرپۆڵەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە. داواکاریی رادەستکردنەوەی پێکەر لەلایەن داواکارانی گشتیی ئیستەنبووڵ و بورسە ئامادەکراوە.

سێدات پێکەر پێشتر لە بەرپرسانی تورکیا نزیک بوو و رێگەپێدراو بوو لە زۆر کاردا. بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە نێوانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تێکچووە، ماوەیەک لە ئەوروپا بوو و ئێستاش لە ئیمارات دەژی. ساڵی رابردوو لەڕێی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە زنجیرەیەک ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و نهێنی و وردەکاریی بەرپرس و بازرگانانی ئاشکرا کرد. بەڵام ماوەیەکە بێدەنگە.

ڤیدیۆکانی پێکەر لە ناوخۆی تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت خودی ئەردۆغانیش قسەی لەسەر کرد و بەبێ ئەوەی ناوی سێدات ببات بە "سیخوڕ" ناوی برد.

هەر دوای ناوبردنی بە سیخوڕ لەلایەن ئەردۆغانەوە، سێدات پێکەر، هەشتەمین ڤیدیۆی خۆی کە ماوەکەی 70 خولەک بوو، وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دایەوە و رایگەیاند، بەبەڵگەوە بۆ تەواوی جیهان دەیسەلمێنێ کە سیخوڕ نییە و دەشڵێت لەو تۆمارە ڤیدیۆییەی لە رۆژانی داهاتوودا بڵاویدەکاتەوە، هەموو شتێک لەگەڵ ئەردۆغان یەکلایی دەکاتەوە.   

 

 

 

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار