وەزیری بەرگریی ئۆكرانیا: هەرکەس ئامادەیی تێدایە دەتوانێت چەک هەڵگرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگریی ئۆكرانیا رایگەیاند:"هەرکەس کە ئامادەیی تێدایە دەتوانێت چەک هەڵگرێت".
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆكرانیا دەڵێت: "دوژمن هێرشی کردووە، بەڵام سوپاکەمان ناشکێت. هەرکەس کە ئامادەیی تێدایە دەتوانێت چەک هەڵگرێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ دەستخستنی چەک، دەبێت پەیوەندی بە بنکە سەربازییەکانی ناوچەکانتانەوە بکەن. بۆ دەستخستنیشی تەنیا پێویستت بەوەیە کە خاوەنی پاسپۆرت بیت".
بەپێی راگەیێندراوی فەرمی پاسەوانی سنووری ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا سێ سەربازی ئۆكرانیی بەهۆی هێرشی داگیرکاریی روسیاوە کوژراون.
بەرپرسانی ئۆكرانیا دەڵێن، روسیا ژێرخانە سەربازییەکان و کۆگاکانی خۆراکیان دەکەنە ئامانج.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆكرانیاراگەیاند و گوتی، بەرپرسیارێتیی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆكرانیا. پووتین ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتباکرد کە داوای دەکرد ئۆکراینا نەبێتە ئەندام لە ناتۆ؛ هاوکات گەرەنتیی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
