وەزارەتی کارەبا: ئەمپێرەكانی كارەبا زیاددەكەینەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە سەرەتای مانگی ئادارەوە پێوەری زیرەکی کارەبا دەکرێتە 40 ئەمپێر".
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سەرپەرشتیاری پرۆژەی پێوەری زیرەک رایگەیاند:"لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، پێوەری زیرەکی کارەبا دەکرێتە 40 ئەمپێر.
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوە دەدات کە لە سەرەتای زستان بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا "بە مەبەستی دادپەروەری لە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و پاراستنی بۆگۆڕەکان (محاویلەکان) لە سووتان و پێشگرتن بە ئۆڤەرلۆد بوونی وێستگەکانی کارەبا، پێوەری زیرەک بۆ 30 ئەمپێر کەم کرایەوە."
سەرەتای دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە دا کە بۆ هەر ماڵێک 40 ئەمپێر دابیندەکەن، بەڵام رۆژی 20 مانگی 1 وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفربارین و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، دابینکردنی کارەبایان تاوەکو کۆتایی مانگی دوو بۆ 30 ئەمپێر کەمکردووەتەوە.
پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە 2020 دەستیپێکردووە، تاوەکو سەرەتای مانگی رابردوو نزیکەی 80٪ـی پڕۆژەکە تەواوبووە کە نزیکەی ملیۆنێک و 150 هەزار پێوەری زیرەکە.
