تورکیا: هێرشی روسیا بۆ سهر ئۆكرانیا پێشێلكردنی یاسا نێودهوڵهتییهکانە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لوتكهی ئهمنی تورکیا رایگەیاند:" هێرشی روسیا بۆ سهر ئۆكرانیا پێشێلكردنی یاسا نێودهوڵهتییهکانە و قبوڵكراو نییه".
ئاژانسی فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، لە لوتکەکەدا ئاماژه بهوهدراوە هێرشی روسیا بۆ سهر ئۆكرانیا پێشێلكردنی یاسا نێودهوڵهتییهکانە و قبوڵكراو نییه، هەروەها جەخت لە پاڵپشتیی تورکیا بۆ یەکڕیزیی سیاسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆكرانیا کراوەتەوە.
هەر یەک لە فوئاد یۆکتای، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری تورکیا، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری، سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ، یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپا، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری-میت، فەخرەددین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، حەسەن دۆغان، خامەی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار و ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆمار بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەهۆی سەردانەکەی بۆ کازاخستان، بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی روسیای فیدڕاڵ، جەنگی لە دژی ئۆكرانیا راگەیاند و هەڕەشەی لە هەر کەسێک کرد رووبەڕووی ببێتەوە، وانەیەکی پێدەدات لە مێژوودا وێنەی نەبێت، دواتر تانک و تۆپەکانی روسیا لە چەند قۆڵێکەوە چوونە نێو خاکی ئۆكرانیا.
