ئەمریکا بە بەهای 500 هەزار دۆلار کەلوپەلی سکیورتی پێشکەشی ئاسایشی هەولێر دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند:" بە بەهای 500 هەزار دۆلار کەلوپەلی تایبەتی سکیورتی پێشکێشی تیمی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە ئاسایشی هەولێر کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-02-2022 کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند:"لە بۆنەیەکدا لە بارەگای سەرەکیی ئاسایشی هەولێر، رۆبەرت پالەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە بەهای 500 هەزار دۆلار کەلوپەلی تایبەتیی سکیورتی پێشکێشی تیمی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە ئاسایشی هەولێر کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە: "دوای ماوەیەك وەستان لە پێدانی هاریکاریی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروستببوو، ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیکردووەتەوە بە پێشکێشکردنی هاریکاریی لە بواری ئاساییشدا و لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا هەندێك پڕۆگرام جێبەجێدەکرێن کە تێچووەکەیان بە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەروەها پابەندە بە بەردەوامبوون لە شکستپێهنانی داعش.
