پوتن: تەنیا چارەسەر بۆ دلنیابونەوە لە پاراستنی روسیا داگیركردنی ئۆكرانیایە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی روسیا رایگەیاند:" وڵاتەکەم هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە جگە لە داگیرکردنی ئۆكرانیا تاوەکو دڵنیابێتەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی روسیا. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند:" وڵاتەکەی هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە جگە لە داگیرکردنی ئۆكرانیا تاوەکو دڵنیابێتەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی رووسیا. 

وتەکانی پوتن لەکاتێکدایە زیاتر لە 12 كاتژمێر بەسەر هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر ئۆكرانیا تێدەپەڕێت. 

پوتن کە لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەک بازرگاندا کۆبووەوە، رایگەیاند: "ئەوەی روویدەدا هیچ بژارەیەکی دیکەی بۆمان نەهێشتەوە" و هیچ رێگەیەکی دیکە نەبوو بۆ بەرەوپێشچوون. 

دوای کۆبوونەوەیان بەشێوەی ئۆنلاین، سەرکردەی وڵاتانی G7 لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرشی روسیایان بۆسەر ئۆكرانیا بە فەرمای ڤلادیمیر پوتن کرد و وتیان، "پووتین خۆی خستووەتە بەرەیەکی هەڵەی مێژووەوە."

بەوتەی ئەو سەرکردانە، پوتن، "شەڕی بە کیشوەری ئەوروپا ئاشناکردووەتەوە." دەشڵێن، سەرکۆنەی ئەو سەرکەشییەی سەرۆکی روسیا دەکەن کە بەردەوام رێگەی گفتوگۆی رەتکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی پێشنیازی جۆراوجۆریان پێداوە. 

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤلادیمیر پووتین لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "بڕیارمداوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت دەستپێبکەم" و دوای وتارەکەی هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بە پێشڕەوی کرد. 

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئۆكرانیا بەلانی کەم 68 کەس کوژراون بە سەرباز و کەسی مەدەنییەوە.

ئێستا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیێندراوە. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار