بایدن: سزاكان روسیا زۆر لاواز دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "پوتن ھەموو جۆرە نیازپاکییەکی واشنتۆنی بۆ هێرشنەکردنەسەر ئۆکرانیا رەتکردەوە، بۆیە ھەموو ئەوانەی ھاوکار بوون توندترین سزایان دەدەین و ھەمووکارێک دەکەین بۆ پشتیوانی ئۆکرانیا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-2-2022، جۆ بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕو، واشنتۆن سزای زۆر توند بەسەر روسیادا دەسەپێنێت لەوانەش سنوردارکردنی هەموو ئەو شتانەی هەناردەی روسیا دەکرێن لەگەڵ چەندین سزای ئابوری کە لە دورمەودادا کاریگەریان لەسەر ئەو وڵاتە دەردەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها تواناکانی روسیا بۆ بازرگانیکردن بە دۆلار، یۆرۆ، پاوەند ، یەن و بوونە بەشێک لە ئابوریی جیهان سنوردار دەکرێن، لەگەڵ راگرتنی تواناکانی روسیا بۆ دابینکردنی پارە و بەرەوپێشبردنی سوپاکەی.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، هەروەها سزا بەسەر ئەو بانکە روسیانەدا دەسەپێنن کە بەیەکەوە خاوەنی ترلیۆنێک دۆلار دراوی نەختینەیین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر بڕیاری ڤلادیمێر پوتین، سوپای روسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەیەکەم هەنگاویشدا ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆردومانکران، لای خۆیەوە سوپای ئۆکرانیا سەرەڕای ئامادەیی بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشەکە، خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی جەنگی روسیای راگەیاند.
