سەرۆکی ئۆكرانیا : لە شەڕدا تەنیا جێهێڵدراوین
"رووسیا 'هێرشێکی ترسناکی' موشەکی دەکاتە سەر پایتەختەکەمان"

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆكرانیا رایگەیاند:" لە شەڕدا لە دژی روسیا "تەنیا جێهێڵدراون".
درەنگانی شەوی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بە گەلەکەیی راگەیاند، "ئێمە بە تەنیا جێهێڵدراوین بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتەکەمان" و شەڕی دژی روسیا.
سەرۆکی ئۆكرانیا دەپرسێت "کێ ئامادەیە لەگەڵمان شەڕ بکات؟ هیچ کەسێک نابینم. کێ ئامادەیە گەرەنتیی بوونە ئەندامی ئۆكرانیا لە ناتۆ بکات؟ هەمووان دەترسن".
زێلینسکی دەڵێت، 137 ئۆكرانیی لە هێزە سەربازییەکان و هاووڵاتیی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر وڵاتەکەی کوژراون و لانیکەم 316 کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت "گرووپە تێکدەرەکانی" رووسیا چوونەتە نێو کیێڤ-ی پایتەخت و داوا لە خەڵکی وڵاتەکەشی دەکات کە هۆشیاربن.
زێلینسکی ئەوەشی خستەڕوو کە خۆی و خێزانەکەی لە ئۆکراینان و دەشڵێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە "ئامانجی ژمارە یەک"ی رووسیان.
سەرۆکی ئۆکراینا جەخت لەوە دەکاتەوە کە رووسیا "دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئۆکراینا خاپوور بکات، ئەوەش لەڕێگەی کوشتنی سەرۆکی دەوڵەتەوە".
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-02-2022 رووسیا دەستی بە هێرشێکی مووشەکیی "ترسناک" کردووە بۆسەر کیێڤ-ی پایتەختی وڵاتەکەی.
دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تویتەر رایگەیاندووە، "رووسیا دەستی بە هێرشێکی ترسناکی مووشەکی بۆسەر کیێڤ کردووە"
