فەرەنسا: دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی روسیا وشک بکەین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند:"دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی وشک بکەین".
برونۆ لو-مارین، وەزیری دارایی فەرەنسا لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا "دەیەوێت هەموو پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و سیستەمی دارایی جیهان بپچڕێنێت.. دەمانەوێت رووسیا لەڕووی داراییەوە داببڕین.. دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی وشک بکەین".
دوای راگەیاندنی سزاکانی بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆسەر رووسیا، برونۆ لو-مارین رایگەیاند، مۆسکۆ "هاوبەشێکی ئابووریی گرنگی پلەی دوو"ە بۆ فەرەنسا.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئۆكرانیاوە نرخی سەرچاوەکانی وزە بەرزبوونەتەوە، وەزیری دارایی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، پاریس خەڵکی وڵاتەکەی لە هەر ئەگەرێکی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سووتەمەنی دەپارێزێت؛ کە ئەوەش نیگەرانییەکی سەرەکیی ئەوروپا، چونکە زۆرینەی گازی سرووشتییەکەی لە رووسیاوە بەدەستدەهێنێت.
کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا دەڵێت، بانکەکانی رووسیایان پێشتر گەمارۆ داون و "مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا وەستاوە".
هەردوو وەزیرانی دارایی فەرەنسا و ئەڵمانیاش دەڵێن، پرسی پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان رووسیا و سیستمی دارایی جیهان لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
