ئەردۆغان: یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان هێناوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند:" یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان هێناوە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی رون و جددی بۆ ئەو دۆخەی ئێستا". 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناتۆ و یەکێتی ئەوروپای بە شکستهێنانیان بەرامبەر داگیرکاریی رووسیا لە ئۆکراینا تۆمەتبارکرد و وتی، "شکستیان هێناوە لەوەی هەڵوێستێکی روونیان هەبێت".

سەرۆک کۆماری تورکیا کە وڵاتەکەی ئەندامە لە رێکخراوی ناتۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە دەبوو رێکخراوی "ناتۆ هەنگاوێکی زۆر یەکلاکەرەوەی هەڵگرتایە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، "یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان هێناوە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی روون و جیددی بۆ ئەو دۆخەی ئێستا. ئەوان تەنیا ئامۆژگاریی زۆر دەدەنە ئۆكرانیا و هیچی دیکە ناکەن".

تورکیا پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ رووسیا و ئۆكرانیا هەیە و خۆی بە نێوەندگیرێکی بێلایەن دەبینێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆكرانیا.

لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدایە بڕیارە ناتۆ کۆبوونەوەی لووتکە بەشێوەی ئۆنلاین لەسەر پرسی ئۆکراینا ئەنجامبدات و رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بگیرێتەبەر.

دیپلۆماتکارێک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێزی ئاسمانی و دەریایی زیاتر دەکرێن لە ناوچەکانی هاوپەیمانەکانی ناتۆ.

رەجەب تەیب ئەردۆغان هۆشداری لەوە دەدات کە "نابێت کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ ئامۆژگاری و سەرکۆنەکردن بێت"، هیواش دەخوازێت کە کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمڕۆی ناتۆ بە ئاراستەی بڕیارێکی "زۆر روون" بێت.

رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 25 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 102 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. سوپاکانی رووسیا و ئۆکرایناش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی دەستکەوتەکانیان دەخەنەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار