بەشار ئەسەد پشگیری خۆی بۆ پوتن دەربری

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی سوریا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی روسیا قسەی کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی سەر ئۆكرانیا دەربڕی.
سەرۆکایەتی سووریا ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرۆک باسیان لە دۆخی ئۆكرانیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی رووسیا کردووە."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی دۆنباس دەستیپێکراوە.
سەرۆکایەتی سووریا دەڵێت، "بەشار ئەسەد جەختی لەوە کردەوە کە سووریا شانبەشانی رووسیا دەبێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنچینەیەی کە هەڵوێستێکی راست و دروستی هەیە."
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رووسیا و سووریادا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە رووسیا رێگەی نەداوە هیچ پڕۆژە بڕیارێکی تووند دژی حکومەتی سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت. لە ساڵی 2015یشدا رووسیا لە رێگەی سەربازییەوە یارمەتیدانی سوپای سووریای دەستپێکرد و ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی حکومەتی سووریا بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
