نوری مالیکی: دادگا دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند:" دادگا دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن".

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بانگەوازێک بۆ هەموو ئەوانەی خەمخۆری عێراق، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی دەوڵەت و شکۆی دەوڵەتن، ئەگەر مامەڵە پێشێلکارەکانی دەستوور و یاساکان پرۆسەی سیاسییان لاوازکردووە و ئاسایشی نیشتمانییان شڵەژاندووە، ئەوا بەشەکەی دیکەی هێز و شکۆی دەوڵەت کە ماوە لاواز مەکەن، ئەوەش لە رێگەی پێشێلکردنی شکۆی دادگا و زێدەڕۆیی بۆ سەر دەسەڵات و ئەرکەکانی، چونکە دادگا دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن."

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوەش دەکات: "دەبێت حکومەت مامەڵەیەکی وەها نەکات ببێتە هۆی لاوازکردنی دادگا و لە متمانەکردن بە دادگە کەمبکاتەوە. هەروەها دەبێ دادگا ئەرکی خۆی بوێرانە و یەکلاکەرەوانە ئەنجامبدات، لە هەمان کاتدا دەبێت دادگا رێگربێت لە هەموو سەرپێچییەک بەرامبەر بڕیارەکان و هەڵوێستەکانی و ئەوانەشی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر یاسا و دەستوور سزا بدات."

ئەم داوایەی نووری مالیکی دوای رۆژێک هات لە گەمارۆدانی سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا لەلایەن هێزێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق. بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دوێنێ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد لە رووداوی گەمارۆدانی سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لەلایەن ئەو هێزە سەربازییەوە بکۆڵێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار