سەڵاحەدین بەهادین: ئەوانەی رۆژێک نیشتیمان پەروەریان كردبێت بەسەدان ئەوەندە بەگەلی بەشمەینەتیان فرۆشتووەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەڵێت:"ئەوانەی رۆژێک نیشتیمان پەروەریان كردبێت بەسەدان ئەوەندە بەگەلی بەشمەینەتیان فرۆشتووەتەوە".
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی گەرمیانی حزبەکەی وتی، ''ئەوانەی رۆژێک نیشتیمان پەروەریان كردبێت بەسەدان ئەوەندە بەگەلی بەشمەینەتیان فرۆشتووەتەوە و ئەوانەشی بازاڕی خراپەکاری خۆشدەکەن ناتوانن خزمەتی گەل بکەن.''
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ناکرێت بەرژوەندیەکانی گەل و وڵات بکرێنە قوربانی کەس و حیزب، هەر بۆیە حزبە دەسەڵاتدارەکان شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.''
هاوکات هەفتەی پێشوو، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە کۆبونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی پێنجوێنی حزبەکەی وتبوی، ''یەكگرتوو بە ئیلهام وەرگرتن لەشەریعەتی بەرفراوانی ئیسلام خزمەت بەگەل و وڵاتی خۆی دەكات و هەرگیز بەشێك نەبووە لە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان.''
