بافڵ تاڵه‌بانی: یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند:"یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ی شوباتی 2022 بافڵ تاڵه‌بانی سەردانی مەکتەبی رێکخستنی حزبه‌كه‌ی كردوه‌و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند:" یەکێتی سەرباری راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لە ناوخۆی حزبیش دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن کردوە و بە بەرنامەیەکی گشتگیری ھەمەلایەنە تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە و بە دونیا بینییەکی فراوانترەوە ئەرکەکان رادەپەڕێنین."

" یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین." بافڵ تاڵه‌بانی وای وتوه‌.

بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕوونیی ئه‌وه‌ی داوه‌ كه‌ "سیاسەتی نوێی یەکێتی گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی سەرۆک مام جەلال، ئەندامانی یەکێتیش ھێزی لەبن نەھاتوون و وەک ھەمیشە خزمەتکاربن و بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەت بکەن و دامەزراوەکانی یەکێتی بکەنە ماڵی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک و پردی پەیوەندی بن بۆ گەیاندنی دەنگیان و خزمەتکردنیان، چونکە خزمەتکردن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵک ئەرکە نەک منەت."

وتیشی:" پێویستە مەڵبەند و ئۆرگانەکانمان لە جاران زیاتر لە ئەرکدا بن و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر درێژە بەکاروبارەکانیان بدەن و لە خزمەت خەڵکدا بن، ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوو دابڕانێک ھەبووبێت لەنێوان مەڵبەند و کۆمیتە و ھاوڵاتیدا نابێت بمێنێت و ھەڤاڵی یەکێتی پێویستە لەناو چین و توێژەکان بن و بەشێک بن لە خەڵک، لەو رووەشەوە ھانیدان بۆ گۆڕانکاری و بەردەوامییان لە راپەڕاندنی ئەرکی راستەقینەی خۆیان کە خزمەتکردنی خەڵکە"، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ئه‌مه‌شی وتوه‌.

بۆ دیداری یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند :"یەکێتی یەکێتیی ھەموولایەکە، دەمانەوێت لە رێگای ئەم دیدارەوە خۆمان رێکبخەینەوە و ھەنگاوبنێین بەرەوپێشبردنی یەکێتییەکەی مام کە ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو یەکێتییەکانە پێکەوە، ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش رادەپەڕێنین و رۆحی شەھیدانیش ئاسوودە دەکەین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار