سەرۆكی حكومەت لەبارەی هەلبژاردنەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگیی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی شوباتی 2022، نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: " پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 33 لە ڕۆژی 24ی شوباتی 2022 دەربارەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەری 2022 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێک بڕیاریدا بە ڕاسپاردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ هەماهەنگیکردن لە گەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، بە مەبەستی دابینکردنی بودجە و سەرجەم پێداویستییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت".
ئەمەش لەكاتێكدایە نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، 1/10/2022 بە رۆژی ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی شەشەم دیاریكرد.
