وەزیری دارایی: زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی دۆلارەوە نییە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند:" زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلارەوە نییە".
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق روونکردنەوەی دا لەبارەی هۆکارەکانی زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و باسی لەوە کردووە، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراق داهاتی حکومەتی بە رێژەی 23٪ زیادکردووە، بەمەش پارەی دابینکردووە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی داوەتە حکومەت پێویستییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات و بودجەی وڵات باش بکات و لە مەترسی دووری بخاتەوە، جگە لەمەش سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانی لە پرۆسەی دابەزینی بەهای دینار کردووە، کە دۆخی دارایی عێراق باشتر دەکات بەتایبەتی لە توانای کێبڕکێی کەرتی تایبەت لە بەرامبەر هاوردەکردنی کاڵای بیانی و بووژانەوەی وەبەرهێنانی بیانی.
عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوەدا زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلار نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2020وە زیادبووە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سوودی بۆ عێراق هەبووە لەوانە چوار ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لە ساڵی 2021 لەسەر عێراق کەمکردووەتەوە.
