خاوەنی یانەی چێڵسی: دەمەوێت رۆڵم هەبێت لە كۆتایهێنان بە جەنگ

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا بکات.
رۆمان ئەبرامۆڤیچ، دوای 20 ساڵ سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی یانەی چێڵسی، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی یانەکە بوو، و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکە بە دەستەی خێرخوازی یانەکە سپارد، دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
ئەو پیاوە تەمەن 55 ساڵییە، ئێستا هەوڵدەدات رۆڵی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە رێگەی نێوەندگیرییکردن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
وتەبێژی ئەبرامۆڤیچ، لەو بارەیەوە، رایگەیاند "دەتوانم دووپاتی بکەمەوە کە لایەنی ئۆکراینی پەیوەندی بە رۆمان ئەبرامۆڤیچەوە کردووە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە گەیشتن بە چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ ئەو جەنگە". هەروەها دەشڵێت "ئەبرامۆڤیچ پێشوازی لەو داواکارییەی لایەنی ئۆکراینی کردووە و لەو رۆژەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە".
رۆمان ئەبرامۆڤیچ، یەکێکە لەو سەرمایەدار و ملیاردێرە رووسییانەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیا هەیە، کە هەر بەو هۆکارەوە ئەو پیاوە لە لایەن بەریتانیاوە خۆشەویت نییە و ماوەیەکی زۆر رێگەی پێنادات بچێتە نێو خاکی بەریتانیا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی یانەی چێڵسی لەندەنییە، کە پاڵەوانی ئەوروپایە.
ئەلیکساندەر رۆدنیانسکی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری سینەمایی بەنێوبانگی ئۆکراینی، دەڵێت "رۆمان ئەبرامۆڤیچ تاکە کەسە پێشوازی لە داواکانی ئۆکراینا بۆ راگرتنی جەنگ کردبێت و بەرپرسانی حکومەتی ئۆکراینیش سوپاسی سەرۆکی چێڵسییان کردووە".
ئەبرامۆڤیچ لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە و ئۆکراینییەکان پێیانوایە کە سەرەڕای ئەوەی تواناکانی رۆمان لەم بارەیەوە دیاریکراون، بەڵام ئۆکراینییەکان سوپاسگوزاری هەوڵەکانی ئەو پیاوەن، تەنانەت ڤۆلۆدیمیر زیلینیسکیی سەرۆکیش بە بایەخەوە سەیری هەوڵەکانی ئەبرامۆڤیچ دەکات.
