مەولود چاوشئۆغڵو: حکومەتی روسیا لە پلانیدایە لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر چەندین شاری گرنگی ئۆکرانیادا بگرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:" تورکیا وڵاتێکە دەیەوێت لەگەڵ هەریەک لە رووسیا و ئۆکرانیا، بەردەوامی بە پەیوەندی و رێککەوتنەکانی بدات."

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:" حکومەتی روسیا لە پلانیدایە لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر چەندین شاری گرنگی ئۆکرانیادا بگرێت".

 دەشڵێت: "هەر لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە ئێمە لەگەڵ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بووین و هەوڵیشماندا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئاگربەست رابگەیێندرێت. لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بابەتی وەستاندنی شەڕەکەدا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزیشدا لە پەیوەندیداین".

چاوشئۆغڵو ئاشکرایکرد، تورکیا لە بابەتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکاندا هاوکاریی و پاڵپشتی خۆی بۆ هەردوولا دەربڕیووە. وتی: "لەگەڵ لایەنەکاندا لە پەیوەندیداین و زانیاری وەردەگرین. بەپێی دوایین روونکردنەوەکان کە پێمانگەیشتووە، پێویستە پێشهاتەکان لەبارەی دانوستاندنەکان بە پارێزراوی بمێننەوە. بۆیە ناتوانم لەمبارەیەوە وردەکاریی بدەم".

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە بارەی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا هەروەها گوتیشی: "تورکیا وڵاتێکە لەکاتی بوونی هەر شەڕوپێکدادان و گرژی و ئاڵۆزییەکدا لەگەڵ وەستانی شەڕ و چارەسەری قەیرانەکان بووە لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە. بۆیە لەو شەڕەی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا نیازی لایەنگریکردنمان نییە. لە ئەگەری بوونی هەر هەڵەیەکدا ناچارین بڵێین کە ئەوە هەڵەیە. هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

مەولوود چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد، تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەوروپادا لە 25ـی شوبات دەنگی خۆی دژی رووسیا بەکارنەهێنا و لەوبارەوە ئاماژەی بەوە کرد: "لەبەر ئەوەی بە پەسندکردنی ئەو بڕیارە رووسیا مافی نوێنەرایەتیکردنی نامێنێت لە ئەنجوومەنەکەدا، کە نەبوونی نوێنەری رووسیا لەم ئەنجوومەنەدا بە واتای بێبەشکردنی مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دێت. له کۆتاییدا ئێمە نامانەوێت گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێت".

تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 136 هاووڵاتیی مەدەنی لە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراینا کوژراون، کە 13یان منداڵن، لانیکەم 400 کەسی دیکەش برینداربوون. هەریەکە لە سوپای رووسیا و ئۆکرانیاش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی دەستکەوتەکانیان بڵاودەکەنەوە.

چاوشئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: "تاوەکو ئەمڕۆ گوتومانە تورکیا پابەندە بە رێککەوتنی مۆنترۆ، ساڵانی رابردووش لەلایەن روسیاوە رووبەڕووی رەخنە بووینەوە لەبارەی ئەوەی پابەندین بە رێککەوتنەکە. بەپێی رێککەوتنی مۆنترۆ مافی تێپەڕبوون بە گەرووەکان و ماوەی مانەوەی کەشتیی ئەو وڵاتانەی لە دەریای رەش دیاریکراوە. ئێستاش شەڕێک دەگوزەرێت.

لەم بارودۆخەدا تێپەڕبوونی کەشتیی جەنگیی رووسیا کە لایەنێکە لە لایەنەکانی شەڕەکە بەگەرووەکانمان پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیە. لەبەر ئەوەی هەر بەپێی یەکێک لە دەقەکانی ئەم رێککەوتنە تێپەڕبوونی کەشتیی جەنگیی وڵاتانی شەڕکەر بە گەرووەکانمان رێگە پێنەدراو و قەدەخەیە. بۆیە ئێمەش پێویستە پابەندی ئەم رێککەوتنە ببین.

ئەمەمان بۆ گشت وڵاتان و تەنانەت رووسیاش روونکردووەتەوە. تەنیا لە بارودۆخێکدا رێگەپێدراوە کەشتی جەنگیی وڵاتی شەڕکەر بە گەرووەکانماندا تێبپەڕێت ئەویش ئەوەیە بەر لە دەستپێکردنی شەڕ کەوتبێتە رێگە و دواتر بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەندەری ئاوی وڵاتەکەی دابێت رێگە دەدرێت بە گەرووەکاندا تێبپەڕبێت."

چاوش ئۆغلۆ دەشڵێت: "دواینجار لە 27-28ـی شوبات، رووسیا تێپەڕبوونی چوار کەشتی بە گەرووەکانمان راگەیاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشت سێ لەم کەشتییانە سەر بە دەریای رەش نەبوون. بۆیە دەست بەجێ رووسیامان ئاگادار کردەوە لەوەی ئەو سێ کەشتییە نەنێرن، رووسیاش بەڵێنی نەناردنی ئەو کەشتییانەی بە تورکیادا. لێرەدا پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە تورکیا تاوەکو ئەوکاتەی رێککەوتنی مۆنترۆ کاری پێ بکرێت پێیەوە پابەند دەبێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "لە میانی هەوڵەکانمان بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانمان لە 12ـی شوباتەوە لە رێگەی نامە و تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ 16 هەزار هاووڵاتی. لەم رێگەیەوە بە هاووڵاتییانمان راگەیاند لە ئەگەری نەبوونی کارێکی بەپەلە سەردانی شارەکانی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە نەکەن و لە 22ـی شوباتەوەش هۆشداریمان داوە لەوەی هاووڵاتییانمان بەزووترین کات ئۆکرانیا جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە تورکیا".

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا، لەو کاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە توانیویانە زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی تورک بگەڕێننەوە و وتیشی: "دوای داخرانی رێگەی ئاسمانیی و ئاوی لە ئۆکرانیا هەوڵەکانمان خستەگەر بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانمان بە رێگەی وشکانی. بە هەژمارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دوێنێ بەڕێکەوتوون تاوەکو ئێستا، توانیومانە هەشت هەزار و 50 هاووڵاتی بگەڕێنینەوە تورکیا".

مەولود چاوشئۆغڵو وتیشی: "پێشبینی دەکەین زیاتر لە حەوت هەزار هاووڵاتیی تورک لە ئۆکرانیا مابن بگەڕێنەوە تورکیا. لە رۆژانی داهاتوودا، هەوڵەکانمان بەردەوامی دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانیش".

رۆژی 24-02-2022 بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆسەر ئۆکرانیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی داماڵینی ئۆکرانیایە لە چەک و "بیرکردنەوەی نازی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار