بانکى ناوەندی داوا لە ئەنجوومەنى وەزیران دەکات "پەلە" نەکات لە ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ روسیا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بانکى ناوەندیی عێراق داوا لە ئەنجوومەنى وەزیران دەکات "پەلە" نەکات لە ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ حکومەتى رووسیا و حەواڵەکردنى پارە بۆ ئەو وڵاتە، بەهۆى ئەو سزا ئابوورییانەى خراوەتە سەر مۆسکۆ بەهۆى هێرشکردنە سەر ئۆکراینا ".

لە نووسراوێکى فەرمیدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2ى ئادار 2022 ئاڕاستەى ئەمیندارێتى گشتی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە، بانکى ناوەندی ئاماژەى بەوەداوە، کە بەهۆى جەنگى نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا سزاى خستووەتە سەر دامەزراوە دارایی و ئابوورییەکانى رووسیا، بۆیە پێویستە سیستمى دارایی عێراق بپارێزن.

بانکى ناوەندیى عێراق پێشنیازى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، کە پەلە نەکەن لە ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ حکومەتى رووسیا و حەواڵەکردنى پارە لە رێگەى سیستمى دارایی ئەو وڵاتە.

بانکى ناوەندیی عێراق داوای کردووە، کە گشتاندن بۆ ئەو پێشنیازە بکرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەى کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتى رووسیا هەیە، بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەیان و دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو بەشێوەیەک، کە سیستمى دارایی عێراق بپارێزێت.

لەدوای ئۆپەراسیۆنەكەی روسیا بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا  وڵاتانى رۆژئاوا لە 26ى شوباتدا پەیوەندى بەشێک لە بانکەکانى رووسیایان لەگەڵ تۆڕى سویفت راگرت، کە تایبەتە بە پەیوەندیى دارایی نێوان بانکەکانى جیهان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار