پوتن و ماكرۆن گفتوگۆ دەربارەی راگرتنی جەنگ دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی روسیا و سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پوتن سوورە لەسەر تەواوكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی و ماكرۆن هۆشداری پێداوە كە پێویستە جەنگ رابگیرێت.
گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە 90 خولەکی خایاندووە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا رەتیکردووەتەوە کە هاووڵاتیی مەدەنیی ئۆکرانیی لە هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەیدا کرابنە ئامانج.
یاریدەدەرێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە کاتێک سەرۆکی روسیا وتوویەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ داماڵینی ئۆکرانیایە لە چەک و "نەهێشتنی نازیزمە"، ماکرۆن بە پوتنی وتووە "تۆ لەگەڵ خۆتدا درۆ دەکەیت"، هەروەها وتووشیەتی، "لە ئۆکرانیا هەڵەیەکی گەورە دەکەیت" و جەنگەکە کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر روسیا دەبێت.
راوێژکارێکی کۆشکی ئێلیزێ - کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاندووە، ماکرۆن بە پوتنی وتووە، بەهۆی ئەو جەنگەی وڵاتەکەیەوە بۆسەر ئۆکرانیا "وڵاتەکەت پەراوێزدەخرێت، لاواز دەبێت و دەکەوێتە ژێر سزای درێژخایەنەوە".
بە وتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکی فەرەنسا، ماکرۆن باوەڕی وایە کە لە ئۆکرانیا "خراپتر بەڕێوەیە"، هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "پووتین سووربوونی تەواوی خۆی بۆ بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەربڕیوە".
راوێژکارەکەی ماکرۆن وتیشی:" پووتین ویستوویەتی کۆنترۆڵی هەموو ئۆکرانیا بکات. ئەو، بە قسەی خۆی، ئۆپەراسیۆنەکەی لە ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنانە بە نازیزم لەو وڵاتە"، لە بەرامبەر ئەو قسانەش وەکو راوێژکارەکەی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، ماکرۆن پێی وتووە "ئەو قسانە درۆن".
رۆژی 24-02-2022 هێرشی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستاش بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاوارە بوون.
