وەفدی روسیا و ئۆكرانیا: قسە لەبارەی هەبوونی "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کراوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەفدی روسیا و ئۆکرانیا لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کۆبوونەوە و راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا وێنەیەکی وەفدی حکومەتی وڵاتەکەی و وەفدی ووسیای لە تویتەر دانا و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەبارەی هەبوونی "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کراوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-3-2022 بەرپرسانی روسیا و ئۆکراینا لە سنووری بێلاڕووسیا و پۆڵەندا کۆبوونەوە و راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی ئۆکرانیاش رایگەیاند، باس لە دوو بابەتی سەرەکی کراوە. 

میخایلۆ پۆدۆلایک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا وێنەیەکی وەفدی حکومەتی وڵاتەکەی و وەفدی ووسیای لە تویتەر دانا و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەبارەی هەبوونی "ئاگربەستێکی دەستبەجێ" و "کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ هاووڵاتیانی سڤیل کراوە. 

رۆژی 28-2-2022 وەفدێکی رووسی و ئۆکراینی بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاژێر لە بێلاڕووس لە نزیک سنووری ئۆکرانیا کۆبوونەوە، بەڵام ئەنجامێکی نەبوو. 

هەر لە بارەی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا قسەیان کرد، بەڵام ئەویش ئەنجامێکی نەبوو. 

راوێژکارێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-3-2022 رایگەیاند: "چاوەڕوانی و پێشبینی سەرۆکی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەوەی کە سەرۆک پوتن پێی راگەیاند."

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی فەرەنسا وتی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی كاتژمێر و نیوێک بەردەوام بوو و سەرۆکی رووسیا سوور بووە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت. 

راوێژکارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، لەسەر بنچینەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆ، روونە کە سەرۆکی رووسیا دەیەوێت تەواوی ئۆکرانیا داگیربکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو نازییەکان لە دەسەڵات دووردەخاتەوە."

ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا لە رۆژی 24ی مانگەوە دەستیپێکردووە و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەو رۆژەوە 227 کەسی سڤیل کوژراون کە 15 کەسیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە و 525 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا زیاد لە 2 هەزار هاووڵاتی سڤیل لەنێو وڵاتەکەی کوژراون. 

راوێژکارەکەی سەرۆکی فەرەنسا وتی، ماکرۆن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا داوای لە پووتین کرد هەوڵی جیدی بدات بۆئەوەی هاووڵاتیانی سڤیل نەکرێنە قوربانی و سەرۆکی رووسیاش وەڵامی دایەوە کە ئەویش ئەو خاڵەی بەلاوە مەبەستە، بەڵام هیچ بەڵێنێکیشی نەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار