سەرۆکی ئۆکراینا: تائێستا نزیکەی 10 هەزار سەربازی روسیا کوژراون

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند:" سوپای روسیا دەستی بەو بەرانەی جەنگ نەگەیشتووە کە پلانی بۆ دانابوون. تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار سەربازی روسیا کوژراون. 10 هەزار! ئەمە تۆقێنەرە".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد، لە گفتوگاکانی بێلاڕووس، تیمەکان لەسەر یەکەمین هەنگاو بۆ گەڕاندنەوەی ٪1ـی "مرۆڤایەتیی" رێککەوتن. هاوکات رووسیاشی بە تێکشکاندن و خاپوورکردنی شارە گەمارۆدراوەکان تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئەو شارانە خراپترین رۆژەکانیان بەڕێدەکەن."
سەرۆکی ئۆکراینا وتی: "سوپای روسیا دەستی بەو بەرانەی جەنگ نەگەیشتووە کە پلانی بۆ دانابوون. تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار سەربازی روسیا کوژراون. 10 هەزار! ئەمە تۆقێنەرە. کوڕانی 18 ساڵ و 20 ساڵانن. زۆر گەنجن، بگرە منداڵن. ئەو سەربازانە تەنانەت پێیان نەگوتراوە بۆچی شەڕ دەکەن. پێشیان نەگوتراوە لە خاکێکی بێگانەدا چی دەکەن، دە هەزار کەس. روسیا دەیتوانی لە بری مردن شتێکی دیکە بەم خەڵکە بدات."
لەبارەی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی کە تیمی دانوستاندنکاری هەردوولا لە سەر سنووری بێلاڕووس لەسەری رێککەوتبوون، زێلێنسکی دەڵێت، "پێویستە هەر ئەمڕۆ رێڕەوە مرۆییەکان بکرێنەوە."
هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆکی ئۆکراینا داوای پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل و رێگەدان بۆ ناردنی خۆراک و دەرمان لە شارەکانی ماریوپۆل و ڤۆلنۆڤاخا دەکات کە وەکو خۆی دەڵێت، "زۆرینەیان ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنن."
