به‌بڕیارى دادگاى هه‌ولێر بێریڤان ئه‌یوب دوو ساڵ سزا ده‌درێت
به‌پێى ماوه‌ى سزاکه‌ى، ته‌نها دوو مانگى دیکه له زینداندا ده‌مێنێته‌وه

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى تیمى پارێزه‌رانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان رایگه‌یاند، له دانیشتنى ئه‌مڕۆ دادگاییکردنى بێریڤان ئه‌یوب چاوه‌ڕوانى ئازادکردنى بون، به‌ڵام دادگا بڕیارى دو ساڵ زیندانى به‌سه‌ردا سه‌پاند.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 6ى ئازارى 2022، به‌شدار حه‌سه‌ن، سه‌رۆکى تیمى پارێزه‌رانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان له لێدوانێکدا بۆ رۆژنامه‌نوسان ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مڕۆ له دادگاى هه‌ولێر به باشى به‌ڕێوه‌چو، رێگه‌یاندا قسه‌ى خۆیان بکه‌ین و رێگه‌یان به تۆمه‌تبارانیشدا به ئازادانه قسه‌ى خۆی بکات، راشیگه‌یاند:" دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مجاره زۆرجیاوازبو به‌راورد به دانیشتنه‌کانى پێش‌و، ئێمه چاومان له‌سه‌ر ئازادکردنى بێریڤان ئه‌یوب بو، چونکه به‌ڵگه‌کان زۆر لاوازبون، به‌ڵام دادگا بڕیاریدا که سزاى دو ساڵى به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، سزاکه‌ش قابیلى ته‌میزه و ئێمه سزاکه‌مان به‌دڵ نیه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشتر به هه‌مان ئه‌م مادده‌یه سزاى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر شێروان شێروانى سه‌پێنراوه تاڕاده‌یه‌ک باشتربو ناچارین قبوڵى بکه‌ین".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى باسکرد که به‌پێى بڕیاره‌که، بێریڤان دو ساڵ سزادراوه و له هه‌رساڵێک سێ مانگى بۆ که‌مده‌کرێته‌وه به‌ئیفراجى شه‌رتی، به‌وه‌ش سزاکه‌ى ده‌بێته 18 مانگ، که له 18-10-2020ه‌وه ده‌ستگیرکراوه که ساڵێک و نزیکه‌ى شه‌ش مانگه ده‌کات تا ئێستا و که‌متر له دو مانگى دیکه ئازاد ده‌کرێت.
هاوکات به‌شدار حه‌سه‌ن ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که بێریڤان له‌ناو دانیشتنه‌که‌دا قسه‌ى خۆیکرد، به‌ڵام "هه‌ندێک قسه‌یان به‌زۆر له‌ناوئاسایشدا پێواژۆکردبو، له‌وێ ره‌تیکرده‌وه و وتى ئه‌وانه قسه‌ى من نین، دادوه‌ریش زیاتر کارى له‌سه‌ر وته‌کانى بێریڤان کرد له‌ناو هۆڵى دادگا، ئه‌و به‌ڵگانه‌شى که هه‌بون به‌ڵگه‌ى پێویست نه‌بو، به‌ڵام ئێمه ترسمان هه‌یه له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى دۆسیه‌که، چونکه پێشتر به هه‌مان مادده‌ى یاسایى سزاى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر شێروان شێروانى سه‌پێنرابو بۆیه پێناچێت ته‌میزى بکه‌ینه‌وه".
بێریڤان ئه‌یوب حه‌سه‌ن، چالاکوانێکى خۆپیشاندانه‌کانى ساڵى 2020ى پارێزگاى دھۆکه و دایکى پێنج منداڵه، له 13 تشرینى یه‌که‌مى 2020ه‌وه، له پارێزگاى ھه‌ولێر به پێى مادده‌ى (1) له یاساى ژماره 21ى ساڵى 2003 "که تایبه‌ته به تێکدانى ئاسایشى نیشتیمانی" ده‌ستگیرکراوه و تائێستا له زینداندا ھێڵدراوه‌ته‌وه، له دواى ده‌ستگیرکردنیشی، ھاوسه‌ره‌که‌ى له بێریڤان جیابوه‌ته‌وه.
