سەرۆکی حکومەت: لەکابینەی نۆیەم بەپێی توانای دارایی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژمان ئەنجامداوە
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکێشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکان نەوەستاین. بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامبووین، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامدراون".
ئەمرۆ بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی پیشەسازی لەپێناو رەخساندنی بازاڕ و کار لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی "گرنگ و تۆکمەی" هەیە بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازیی بەتایبەت لە بوارەکانی خۆراک و پێترۆکیمیایی و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکان و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی.
مەسرور بارزانی دەشڵێت، پێشخستن و جێبەجێکردنی هەموو پلانەکان لە بواری پیشەسازی بە پلەی یەکەم بەندە بە سەقامگیریی سیاسیی لە عێراق و هەبوونی پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەوتەی مەسرور بارزانی؛ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقە، بەڵام "هەندێک لایەن" لەبری پشتیوانیکردن، هەوڵی وەستاندنی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و سزادانی دەدەن.
وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆڕبەندی پیشەسازی لە هەولێر:
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەشدارم لەو کۆڕبەندە پیشەسازییە گرنگە، کە ئامانج لە بەستنی ئەو کۆڕبەندە رەخساندنی بازاڕە بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان و هێنانە ئارای دەرفەت و هەلی کارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەو کۆڕبەندە دەکەم، هیوادارم ئەنجامەکانی ببێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئابووری و دروستکردنی دەرفەتی زیاتری کار.
ئێمە لە سەرەتای ئەو کابینەیەدا کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت کەرتەکان کرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین. بە تایبەتی گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە، لەم رووەوە تاوەکو ئێستا چەندین پرۆژەمان ئەنجامداوە. ئامانجی سەرەکیشمان بونیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز بووە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام ئاشکرایە پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان بە تێکڕا دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەوە. وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی، بە تایبەت دابەزینی نرخی نەوت لەو کاتە لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها نەناردن و دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، کە تاوەکو ئێستاش بە داخەوە بەردەوامە. کە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروستکرد.
ئەو قەیرانانە کێشە و گرفت و ئاڵنگاریی گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووری و پیشەسازیی گەورەی جیهانیش دروستکرد. سیستەمی ئابووری و دارایی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە کرد. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکێشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکان نەوەستاین. بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامبووین، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامدراون. وەک رێگەوبان، پیشەسازی، کارەبا، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کە هەندێکیان جێبەجێکراون و تەواوبوون، هەندێکیشیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
بێگومان بەشێک لە پڕۆژەکان بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت ئەنجامدراون، کە لێرەدا سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم کە بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە. حکومەتیش هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت پێشکەشی وەبەرهێنەرانی نێوخۆ و بیانی دەکات، بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە کوردستان و بونیادانانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریی گەنجان و خاوەن پڕۆژە بچووکەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو رووێکەوە دەبێت.
هەر لێرەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان رادەسپێرم بۆ لابردنی ئەو بەربەست و لەمپەرانە و ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی.
ئێمە هەمیشە لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و دیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانمان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەروبووم و بەرهەمە نێوخۆییەکان و رەخساندنی هەلی کار بووە بۆ گەنجەکانمان لە رێگەی هاندان و راکێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پێناو بونیادنانەوە و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی گرنگ و تۆکمەی هەیە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی بە تایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پترۆکیمیایی و پیشەسازیی کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازیی بچووک و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڵام بێگومان بەدیهێنان و جێبەجێکردنی هەموو ئەو پڕۆژانە بە پلەی یەکەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق. بە گشتی و بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. کە ئێمە پێمانوایە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراق و هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە. پێویستە بەو چاوەوە خوشک و برایانمان لە عێراق سەیری پێشكەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن، نەک بەپێچەوانەوە هەوڵی ئاستەنگ و کێشە و گرفت دروستکردن بدەن بۆ هەرێمی کوردستان.
ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنووردارەی لەبەردەستمانە، ئەو پێشکەوتنانەمان لە کوردستان دروستکردووە، کە لە هەموو بوارەکاندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەیە.
بەڵام بەداخەوە لە جیاتی پشتیوانیکردن و دەستخۆشیکردن، هەندێک لایەن هەوڵی وەستان و سزادانی هەرێمی کوردستان دەدەن. بۆیە هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێکدانی پێشکەوتنی کوردستان دەکەنەوە، کەمێکیش بیر لەوە بکەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانکارییەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق روویاندا.. چ قازانجێکیان بە خەڵکی عێراق گەیاند؟
ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لە جیاتی شەڕ و وێرانکاری و ململانێی سیاسی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی عێراق بەکارهێندرابووایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەکێک لەو وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە و جیهان دەبوو.
ئێمە لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندیین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین، لە پێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.
