سەلاحەدین بەهادین: ئیسلام دەیەوتێ ئافرەت رۆڵی خۆی وەك مرۆڤ ببینێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتان 8ی مارسەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "  ئیسلام دەیەوتێ ئافرەت رۆڵی خۆی لە گشت كایەكانی ژیاندا وەكو مرۆڤ ببینێت". دەشڵێت:" هەروەك بە هەموو شێوەیەك بەكاڵاكردنی ئافرەت ریسوا دەكەین و رووبەرووی دەبینەوە".

رۆژی دووشەممە، 7ی ئاداری 2022، سەلاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پەیامێکی لەبارەی رۆژی جیهانیی ژنان بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت، "سڵاو و رێزی شایان بە پلە و پایەی ئافرەت ئاراستەی ئافرەتانی كوردستان و سەرجەم ژنانی جیهان دەكەم. بە تایبەتی تر بۆ خوشكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، سڵاوی سوپاس و پیرۆزبایی سەركەوتنیان پێشكێش دەكەم، وەكو پێشەنگی بزاڤی داكۆكی لە مافەكان و ساخكردنەوەی ئەركەكانی ئافرەتانی كوردستان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوودا ئەوەش خراوەتەڕوو، "خەباتی خوشكان لە بزافی چاكسازی و راستكردنەوەی چەمكەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و گێڕانی رۆڵی بنیاتنەری شكۆدارانەیە و تەواوكارێكی سەرەكیی پرۆسەی مرۆڤسازی و پەروەردەی دروست و پێگەیاندنی نەوەی نوێ و مسۆگەركردنی ئاسوودەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتییە".

سەلاحەدین محەممەد بەهادین باسی لەوەش کردووە، "ژن وەكو هاوسەر و دایك و خوشك و كچ لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا خاوەنی پێگە و پلەیەكی باڵا و كەم وێنەیە و بە دەرگای بەهەشت و جوان مامەڵەكردنی بە نیشانەی باشترین كەسایەتی پیاو ناسێندراوە. بۆیە سەركەوتنی ژن بناخەی هەموو سەقامگیری و سەركەوتنێكی كۆمەڵگەی مرۆییە و هەر لادان و تێكدانێك لەم هاوكێشەیەدا مایەی سەرگەردانی و پێشێلكاری و زەوتكردنی مافەكانە و نیشانەی پاشەكشێ و داڕووخانە".

سەبارەت بە تێڕوانینی ئیسلامیش لەبارەی ئافرەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "ئیسلام دەیەوتێ ئافرەت رۆڵی خۆی لە گشت كایەكانی ژیاندا وەكو مرۆڤ ببینێت و دژە بە سووكایەتی و بەكەم سەیركردنی ئافرەت لەژێر هەر ناونیشان و بە هەر پاساوێكەوە بێت".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو رۆڵی ئافرەتانی کوردستان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت، "مێژووی ئافرەتانی كوردستان شایەنی هەموو رێز و بایەخێكە و بەشدارێكی كارای ژیانی پڕ بەهای مرۆیی گەلەكەمان بوون و دەبێت ئەو پێگەیە پەرەپێبدەن و هەردەم پێشەنگی بنیاتنان و رەوشت و بەخشندەیی بن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار