نێچيرڤان بارزانى: جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستووييى سياسى له‌ عێراق هه‌يه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وەفدێكی ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه و رایگەیاند:" جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستووييى سياسى له‌ عيراق هه‌يه‌ و تا ئێستا ئه‌و لێكگه‌يشتنه‌ سياسييه‌ نييه‌ پرۆسه‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌".

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/3/9  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ وەفدێكی ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تي ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عيراق كرد كه‌ له‌ جۆن برينان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا، جينيفه‌ر گاڤيتۆ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى عيراق و ئێران، ئيتان گۆڵدريچ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى وڵاتانى سووريا، لوبنان و ئوردن، مات پێرل نوێنه‌رى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى سووريا و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى و سياسى و ديپلۆماسى و كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى، دۆخى ئه‌منيى عيراق، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ عيراق و سووريا، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، بڕيارى دادگا‌ى باڵاى فيدراليى عيراق ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

لايه‌نى ئه‌مه‌ريكى پابه‌نديى وڵاته‌كه‌يان بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و كارى هاوبه‌شى نێوانيان دووپات كرده‌وه‌ و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراقيان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌هێز ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى باشتر ده‌پارێزێت.

لاى خۆيه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستووييى سياسى له‌ عيراق هه‌يه‌ و تا ئێستا ئه‌و لێكگه‌يشتنه‌ سياسييه‌ نييه‌ پرۆسه‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گرنگى زانى هه‌موو لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سياسى ڕاسته‌ڕێ بكرێت.

هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور دووپات كرده‌وه‌.

پرسى ئازادييه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ و دۆخى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار