وتەبێژی حکومەتی هەرێم: سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:"سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كرێت".  دەشڵێت:" خەڵک نابێت گوێ لە تەشویشی چەند لایەنێک بگرن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئازاری 2022، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیاریماندا سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە بکەین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ پشكی هه‌رێمی نه‌ناردوه‌، بۆیه‌ ده‌ستكاری پاره‌ی مانگی سێ ده‌كرێت بۆ موچه‌ی مانگی دو به‌كارده‌هێنرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "دابەشکردنی مووچە، لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە و کەس ناتوانێت موزایەدە بەسەر حکومەتدا بکات و هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ دابینکردنی مووچەیە، هەوڵدەدەین گرفتی نەگەڕانەوەی بەشێک لە داهات چارەسەربکەین".

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقیشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند:"دادگەی فیدراڵیی عێراق، "پیشێلی" مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆیە چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لە رێگرتن لە پێشێلکردنی مافی دەستووری هەرێمی کوردستان کرد، لەسەر ئاستی لایەنەکان و حکومەتی عێراق ئامادەی گفتوگۆین و شاند دەنێرین بەو مەرجەی دانوستاندنەکان پێچەوانەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەبن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "حکومەت دەزگایەکی قازانج نەویستە و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، وەکو ئاو، کارەبا و ئاسایش، دەمانەوێ خزمەتگوزاریی زیاتر بکەین و ئێستا زیاتر لە 470 خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، بۆ هەر دینارێکی خزمەتگوزاری، ئێمە چوار دینار خەرج دەکەین".

لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و کاریگەرییەکانیشی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە بازاڕ کۆنترۆڵبکرێت و قۆرخکاری نەکرێت و قۆرخکار سزا بدرێت، وەکو لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسێک بەوهۆیەوە سزادران. 

ئەنجوومەنی وەزیران خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە بڕێکی باش کاڵای سەرەکی لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن و قەیرانی گەورە روونادات و کاردەکەین کە نرخی کاڵا جێگیر بکەین و لە ئاستی کەرتی تایبەت و حکومەت رێکاری تەواو دەگرینەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ و جێگیریی، شەڕەکە بێگومان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێ.

لەبارەی فرۆشی نەوت و داهاتەکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی رابردوودا 11 ملیۆن و 275 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، پارەکەی بۆ خەرجی کۆمپانیا، گواستنەوە و مووچە تەرخانکراوە، دروستبوونی کێشە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە مووچەی مانگی یەک، لە داهاتی نەوتی مانگی دوو دابینکراوە، هی مانگی دووش، لە داهاتی مانگی سێ دابین دەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی گوتی، "بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهان، سووتەمەنی لە هەموو وڵاتان گرانبووە، ئێمە توانای پاڵاوتنی نەوتمان نییە بەپێی پێویست، پاڵاوگەکانمان ناتوانن 6 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناوخۆ دابین بکەن، هەروەها هەندێ لەو بەنزینەی کە هاوردە دەکرا، مەترسیداربوو بۆ ژینگە و تەندروستی، بۆیە لەپێناو تەندروستیی هاونیشتمانییان هەندێکمان قەدەخەکرد، ئێستاش دەرگا کراوەیە بۆ هەرکەسێک کە بیەوێ بەنزین هاوردە بکات بەو مەرجانەی کە حکومەت لەبارەی کوالێتییەوە دیاریدەکات".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار