هاوڵاتی زانیاریی نوێ لەبارەی گیان لەدەستدانی گەشتیارە دانیماركییەكە لەبادینان، بڵاو دەكاتەوە
پۆلیسی دهۆك: هێشتا لەسەر رووداوەكە لێكۆڵینەوەكان كۆتایی پێنەهاتووە
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
شارەزایەكی بواری سەربازی لەبارەی گیان لەدەستدانی گەشتیارێكی دانیماركی بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە «توركیا بەم دواییە دەیان بنكەی سەربازییان لە بادینان و لەو ناوچانە داناوەو هەرچی درەخت هەبووە بڕیویانەتەوەو بۆ پاراستنی خۆیان و بنكەكانیان مینیان چاندووە»، پۆلیسی دهۆكیش سەرەرای ئەوەی لە راگەیەندراوەكەیاندا پەكەكەیان تۆمەتباركرد دەشڵێن:» جارێ لێكوڵینەوە لەسەر رووداوەكە كۆتایی نەهاتووەو هەندێكجار مانگێك پێوەی سەرقاڵ دەبین تا دەگەینە ئەنجامی كۆتایی».
گیان لەدەستدانی گەشتیارێكی دانیماركی لە بادینان كاردانەوەی لێكەوتەوەو پۆلیسی دهۆك دەڵێت هێشتا لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو رووداوە بەردەوامەو ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێن هیچ پەیوەندییەكیان بەو رووداوەوە نییەو پێویستی بە لێكۆڵینەوەیە.
رۆژی پێنجشەممە 5ی ئایار دوو گەشتیاری دانیماركی بەمەبەستی گەشتكردن لەباكووری كوردستان و لە رێگەی دەروازەی سەر زێرەوە دەچنە هەرێمی كوردستان، لەسنوری گوندی باروخ سەر بە ناحیەی كانێ ماسێ لە رووداوێكی تەمومژاویدا كەسێكیان گیانلەدەستدەدات.
(ه، د) چالاكوانێكە لە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « ئەو شوێنەی ئەو دوو گەشتیارە كە یەكێکیان گیانیلەدەستدا نزیكەی كێلومەترێك دوورە لە بنكەیەكی سەربازی توركیا، لەكاتی رووداوەكە من لەوێ نەبووم، بەڵام هاورێیەكی خۆم لەنزیكەوە ئەو دوو گەشتیارەی بینیوە، بەتەلەفون قسەم لەگەڵ كردووە ئەو بە منی وت زۆر بەسەختی بریندارببوو بەشێوەیەك بۆ مرۆڤ نەیدەتوانی تەماشایان بكات، پێش رووداوەكە دەنگی تەقینەوەی هیچ بۆمبێكمان نەبیستووە رووداوەكە تەمومژاوییە».
ئەو چالاكوانەیە وتیشی: « ئەو دوو گەشتیارە بە پاسكیل لە دەروازەی سەرزێڕ هاتوونەتە ناو سنوری قەزای ئامێدی، ئەو رێگایەی ئەوان هاتۆچوویان لەسەركردووە خەڵك هاتۆچۆی لەسەر ناكات».
«گوندی باروخ لەمێژە چوڵكراوە، هیچ كەسێك لێی ناژیت، رێگای باروخ بۆ ئامێدی بەهۆی بەردەوامی بۆردومانكردنی توركیا و بوونی دەیان مین و مەترسی دروستبوونی شەڕ لەنێوان پەكەكەو توركیا هیچ كەسێك هاتۆچۆ لەسەر ئەو رێگایە ناكات «، ئەو چالاكوانە وای وت.
شارەزایەكی بواری سەربازی «توركیا بەم دواییە دەیان بنكەی سەربازییان لە بادینان و لەو ناوچانە داناوەو هەرچی درەخت هەبووە بڕیویانەتەوەو بۆ پاراستنی خۆیان و بنكەكانیان مینیان چاندووە".
سوپای توركیا لە نیسانی ساڵی 2021 تا ئێستا كە زیاتر لە ساڵێك دەكات دەیان بنكەی سەربازی نوێی لە ناوچەكانی بادینان و گوندەكانی سەر بەقەزای ئامێدی داناوەو ساڵی رابردوو هاوشێوەی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دواتر دەستی كرد بە بڕینەوەی درەختەكان و ئاودیوكردنیان بۆ باكوری كوردستان.
شارەزایەكی بواری سەربازی كە نەیویست ناوی بهێندرێت، جەختی لەوەكردەوە كە «توركیا بەم دواییە دەیان بنكەی سەربازییان لە بادینان و لەو ناوچانە داناوەو هەرچی درەخت هەبووە بڕیویانەتەوەو بۆ پاراستنی خۆیان و بنكەكانیان مینیان چاندووە.
هەروەها وتیشی:» لەبەشێك لە راگەیاندنەكان پەكەكە تۆمەتبار كرا، بەڵام پەكەكە ئیشی بە مین دانان نییەو شەڕی پارتیزانی دەكات وەك ئەوەی كاتی خۆی ئێمە لە شاخەكان دژی رژێمی بەعس دەمانكرد».
ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرورە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « گوندی باروخ 3 بۆ 5 كێلومەتر دوورە لە ناوەندی ناحیەی كانێ ماسێ، 10 كێلومەتر لە گوندی هرورێ دوورە، ئەو رێگایەی ئەوان هاتۆچۆیان لەسەر كردووە زیاتر لەشەش ساڵە هیچ كەسێك هاتۆچۆی لەسەر ئەو رێگایە نەكردووە، رووداوەكە لە سنورەكەی ئێمە بووە».
ئازاد حەبیب باسی لەوەشكرد كە ئەو شوێنەی هەردوو گەشتیارەكە تووشی رووداوەكە دەبن دەكەوێتە گوندی باروخێ لە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ سەر بەقەزای ئامێدی، دووری نێوان گوندی باروخ و ئامێدی 27 كێلومەترە، ئەو رێگای ئەوان هاتۆچۆیان لەسەركردووە خوڵە قیرنەكراوەو پێشتر بڕیاری قێرتاوكردنی بۆ دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.
پەیامنێری هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر رووداوەكە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ دەكات بەڵام بەهۆی ئەوەی بابەتەكە پەیوەندی بەلایەنی ئەمنییەوە هەیە وتی:» ناتوانم هیچ لێدوانێك بدەم».
شیراز سادق، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەدەروازەی سەرزێڕی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ئەو رۆژەی ئەو دوو گەشتیارە گەیشتوونەتە دەروازەی سەرزێڕی پشوو بوو، بەڵام كارمەندەكەمان پێشوازیان لێكردووە، وەكو پێویست رێنمایشیان پێداوە سەبارەت بە هاتۆچۆكردن لە سنوری قەزای ئامێدی، ئەو دوو گەشتیارە بە پاسكیل هاتۆچۆیان كردووە تا گەیشتوونەتە ئەو شوێنەی رووداوەكەی لێ دروستبووە «.
لەمیدیاكانی دانیمارك باسی رووداوەكە كراوەو دەڵێن» دوو گەشتیاری وڵاتەكەیان لەباكوری عێراق لەناوچەی شەڕی توركیاو پەكەكە دا، یەكێكیان بە مین گیانی لەدەستداوە».
رۆژی هەینی 6ی ئایار پۆلیسی دهۆك راگەیندراوێكیان بڵاوكردەوە لەسەر گیانلەدەستدانی گەشتیارێكی بیانی و تیایدا هاتووە، لەم چەند رۆژەی رابوردوو دوو گەشتیار بەپاسكیل و لەدەروازەی سەرزێڕو بە مەبەستی گەشتكردن هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەو كاتەی ویستوویانە بچنە ئامێدی، لە رێگەدا مینێك بەیەكێك لە گەشتیارەكاندا تەقیوەتەوەو بەو هۆیەوە گیانیلەدەستداوە.
هەر لە روونكرنەوەكەدا هاتووە، ئەو كەسەی كە گیانی لدەستداوە ناوی ( تۆرۆبیۆن ) و تەمەنی 28 ساڵە، دوای لێكوڵینەوە لەسەر رووداوەكە دەركەوتووە كە « ئەو مینەی بەیەكێك لە گەشتیارەكاندا تەقیوەتەوە، لەلایەن پەكەكەوە دانراوە، داواش لەخەڵك و گەشتیارەكان دەكەین كە ئەوانەی دەیانەوێت گەشت بكەن نەچنە شوێنە گۆماناوییەكان «.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی وت: « بەپێی لێكوڵینە سەرەتاییەكان تەنها یەك كەس بەهۆی مینێكی پەكەكە گیانی لەدەستداوە، هاوڕێكەی بریندار نەبووە، بەڵام نازانین هێشتا لە هەرێمی كوردستانە یان چووەتە وڵاتەكەی خۆی».
هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو شوێنەی روداوەكەی لێ دروستبووە شوێنی شەڕ و ئاڵوزی نێوان پەكەكە و سوپای توركیایە، وتیشی:» جارێ لێكوڵینەوە لەسەر روداوەكە كۆتایی نەهاتووەو هەندێكجار مانگێك پێوە سەرقاڵ دەبین تا دەگەینە ئەنجامی كۆتایی لەسەر روداوەكە«
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل لەسەر گیانلەدەستدانی دوو پاسكیلسوارە دانیماركییەكە هاتەدەنگ و رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەكمان بەو رووداوەوە نییە.
رۆژی 5ی ئایار، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێكی چێندراودا لە نزیك گوندی هرورێی شارەدێی كانێ ماسێ لە شارۆچكەی ئامێدی، دوو گەشتیاری دانیماركی گیانیان لەدەستدا، كە بە پاسكیل گەشتی ناوچەكەیان ئەنجامدابوو.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە لەڕاگەیەندراوێكدا رەتیكردەوە، هیچ پەیوەندییەكیان بەڕووداوی گیانلەدەستدانی دوو پاسكیلسوارە دانیماركییەكەوە هەبووبێت.
هەپەگە ئەوەشی خستووتەڕوو، ئەو ناوچەیەی ئەو رووداوە تێیدا روویداوە ئەوانی تێیدانییەو هێزەكانیشیان تێیدا ناگەڕێن و دەڵێن:» ئێمە مینی چێندراو بەكارناهێنین، ئەم رووداوە پێویستی بەلێكۆڵینەوە و بەدواداچوونە».