شۆڕشی نان هەڕەشە لە ئێران دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەر فەردە ئاردێكی تایبەت بە سەمون لە ئێران نرخەكەی 10 هێندە بەرز بوەتەوە و وەزیری دارایی و ئابوریی وڵاتەكەش دەڵێت هەر تاكێك رۆژانە 250 گرام ئاردی بەردەكەوێت كە دەكاتە تەنها دوو نان.

گرانبونی نان و سەمون لە ئێران خۆپیشاندانی دانیشتوانی ژمارەیەك ناوچەی لەو وڵاتەی لێكەوتوەتەوە و كەشی ئەمنی و سەربازیی لە ترسی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی باڵی بەسەر شار و شارۆچكەكانی ئێراندا كێشاوە، چاوەڕوان دەكرێت  شۆڕشی نان لەو وڵاتە سەرهەڵ بدات.

رەخنەگرانی ناو پەرلەمانی ئێران و دەسەڵاتی وڵاتەكە رایانگەیاندوە؛ حكومەت بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەكەی قەرەبوو بكاتەوە دەستی خستووەتە سفرەی خەڵكەوە و هاوكارییە مادییەكانی بڕیوە بۆ دابینكردنی ئارد بە نرخێكی هەزارن.

بەرپرسانی ئێران ئاشكرایان كردووە نرخی هەر فەردەیەك ئاردی حكومی لە وڵاتەكە ناگاتە دوو دۆلار بەڵام لە وڵاتانی دراوسێ نرخی هەمان ئەو فەردە ئاردە دەگاتە زیاتر لە 20 دۆلار و گومان دەكرێت بۆ رێگریی لە بەقاچاخبردنی ئاردی ئێران حكومەت بڕیاری گرانكردنی ئاردی دابێت، چونكە هاوكات بەڵێنی داوە هاوكارییە ماددییەكان كە لە ئێران پێی دەوترێت (یارانە) زیاد بكات.

وەزیری كشتوكاڵی ئێران جەنگی ئۆكرانیا و كەمبونەوەی ئارد لە وڵاتانی دراوسێی وڵاتەكە بەهۆكاری بەرزبونەوەی نرخی ئارد ناوبردوە و تاڵیبانیش رایگەیاندوە بۆ دابینكردنی ئارد، ئەفغانستان پێویستی بە ئاردی قاچاخیی ئێران نییە.

ژمارەیەك میدیای ئێران بڵاویان كردوەتەوە»حكومەت پلانی هەیە نان بە كارتی ئەژماری بانكی و پێناسی نیشتیمانی دابەش بكات بۆ ئەوەی رێگریی بكات لە فیڕۆدانی نان و بەقاچاخبردنی ئارد».

سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان لە وڵاتەكەی رایگەیاندوە؛ دەبێت خەڵك تامی دادپەرویی بچێژن، چونكە بە بڕینی دۆلاری حكومی لە بازرگانەكان ئەو پارەیە بۆ گیرفانی خەڵك دەگەڕێتەوە».

 

بیانوی گرانبونی ئارد و

نان لە ئێران

زۆربەی بەرپرسانی حكومەت رایانگەیاندوە» تا كۆتایی زستانی ساڵی داهاتوو نرخی نان لە نانەواخانە گشتییەكان زیاد ناكات، بەڵام حكومەت لە بودجەی وڵاتەكەدا دۆلاری چوار هەزار و 200 تمەنیی لابردوە كە پێشتر وەك هاوكاریی ماددیی بە مەبەستی كڕینی ئارد و پێدوایستییە سەرەكییەكان تەرخان دەكرد بەوەش بەشێكی بەرچاو لە كورتهێنانی بودجەكەی قەرەبوو دەكاتەوە، چونكە لە ئێستادا بەهای هەر دۆلارێك لە بازاڕەكانی ئێران دەگاتە نزیكەی 29 هەزار تمەن».

جەواد ساداتی نەژاد، وەزیری كشتوكاڵی ئێران رایگەیاندووە»یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ پێویستی بە سێ ملیۆن تۆن ئارد هەیە و هەوڵ دەدات ئاردی ئێران بە قاچاخ بەرێتە وڵاتەكەی و پێدوایستییەكەی بۆ ئارد لە رێگەی ئێرانەوە چارەسەر بكات».

ساداتی نەژاد بە بێ ناوهێنانی هیچ وڵاتێك ئاماژەی بەوە كردوە نرخی هەر فەردەیەكی 50 كیلۆیی ئارد لە ئێران بە نرخی حكومیی 38 هەزار تمەن كە دەكاتە نزیكەی یەك دۆلار نیو رادەستی نانەواخانەكان دەكرێت،  بەڵام هەر هەمان ئەو فەردە ئاردە لە وڵاتانی دراوسێ 500 هەزار تمەن تا 600 هەزار تمەن كە دەكاتە نزیكەی 20 دۆلار دەفرۆشرێت.

لێدوانەكەی وەزیری كشتوكاڵی ئێران بوە مایەی كاردانەوەی تاڵیبان و وەزارەتی كشتوكاڵی ئەفغانستان بە راگەیەنراوێكی فەرمی وەڵامی ئەو بەرپرسەی دایەوە و رایگەیاند:» حاشا لەوە ناكرێت كە ئەفغانستان پێویستی بە سێ ملیۆن تۆن ئاردە بۆ دابینكردنی نان و سەمون لە وڵاتەكەی، بەڵام هەوڵ نەدراوە ئاردی ئێران بە قاچاخ بگاتە ئەفغانستان، چونكە وەڵاتەكە پێویستی بە ئێران نییە كە كەمبونەوەی ئاردەكەی پێ چارەسەر بكات».

 

ئارد و ئاسایشی نیشتیمانیی

لە ئێران

لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان لە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە چەند شارێكی گرتەوە و پەرلەمانی وڵاتەكەش رۆژی یەكشەممە (7/5/2022) وەزیری دارایی و ئابوریی لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشت كرد و لە دانیشتنێكی تایبەتدا لێپرسینەوە لەو دوو وەزیرە كرا.

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران بە میدیاكانی راگەیاندوە كە دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمان و ئاڕاستەكردنی پرسیار لەو دو وەزیرە كاتی زۆری خایاندوە و پێویستی بە دانیشتنی ئاشكرا هەیە كە راستەوخۆ لە میدیاكانەوە پەخش بكرێت.

بە پێی راگەیەنراوی پەرلەمانی ئێران حكومەت لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا رایگەیاندوە؛ ئێران ساڵانە پێویستی بە 12 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها چوار ملیۆن تۆن گەنم و ئارد لە ناوخۆ و دەرەوە كڕدراوە.

ئەو دوو وەزیرە بە پەرلەمانیان راگەیاندوە؛ ئەو فەردە ئاردانەی حكومەت بە هاوكاریی ماددیی بە نرخی یەك دۆلاری نیو رادەستی نانەواخانە گشتییەكانی دەكات لە سەر سنورەكانی ئێران هەندێك جار بە 900 هەزار تەمەن كە دەكاتە 39 دۆلار دەفرۆشرێت ئەوەش وای كردوە ئاردی هاوردە كە لەسەر حكومەت زۆر دەكەوێت جارێكی دیكە بە قاچاخ هەناردەی دەرەوەی ئێران بكرێت.

پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ هۆشداریی دراوە بە حكومەت كە دەبێت نرخی سەرجەم كاڵا و پێدوایستییە سەرەكی و خۆراكییەكان بگەڕێتەوە بۆ نرخە دیاریكراوەكانی سەرەتای ساڵی 2022 تەنانەت ئەگەر ناچار بێت دۆلاری حكومی بەكار بهێنێتەوە و هاوكات داوا كراوە بە راشكاوی بەرپرسیاری سەرەكیی بەرزكردنەوەی نرخەكان رون بكرێتەوە كە سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیە یان تیمە وەزارییەكەی.

عەلی عەلی زادە، ئەندامی دەستەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ دەستبردنی حكومەت بۆ نانی خەڵك یارییە بە ئاسایشی  نیشتیمانیی وڵاتەكە بۆیە حكومەت پێش لابردنی هاوكارییە مادییەكانی كڕینی نان دەبوایە خەڵكی وڵاتەكەی ئاگادار كردایەوە و لە پەرلەمانیش كۆدەنگیی لەسەر دروست بكرایە.

 

ئێران ساڵانە پێویستی

بە هاوردەكردنی هەشت ملیۆن تۆن گەنمە

لە ئامارەكانی وەرزی دورینەوەی گەنم لە ساڵی رابردودا دەركەوتوە بەرهەمهێنانی گەنم لە ناوخۆی ئێران زیاتر لە 30% كەمی كردوە و وڵاتەكە پێویستی بە هاوردەكردنی هەشت ملیۆن تۆن گەنم لە درەوە هەبوە چونكە بە پێی خەمڵاندنی پێویستییەكان بۆ ئارد، ئێران لە ساڵێكدا پێویستی بە 13 تۆن گەنم هەیە و لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی 2021 لە ئێران چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆن بوە بۆیە پێویست بوە ئەو وڵاتە لانیكەم هەشت ملیۆن تۆن گەنم هاوردەی وڵاتەكەی بكات بەڵام بەرپرسان دانیان بەوەدا ناوە تەنها چوار ملیۆن تۆن گەنمیان هاوردە كردوە.

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان (فاو) رایگەیاندوە؛ گەنمی بەرهەمهێنراوی ئێران لە ساڵی 2019 نزیكەی 14 تۆن بوە و كە یەك ملیۆن و200 هەزار تۆنی بە مەبەستی تۆ بۆ چاندنەوە بەكارهاتوە و ئەوی دیكەی پێدوایستیی ناوخۆی وڵاتەكەی پێ پڕكراوەتەوە.

فاو ئاشكرای كردوە یەك لەسەر سێی ئەو زەویانەی لە ئێران گەنمی تێدا بەرهەم دەهێنرێت (دێمە) و دو لەسەر سێی زەوییەكانی وڵاتەكەش بەر ئاوان و پێویستیان بە باران و ئاوی گونجاو هەیە.

لە ئامارەكانی ناوخۆی ئێران و فاو دەردەكەوێت گەنمی بەرهەمهێنراوی وڵاتەكە لە دو ساڵی رابردودا زۆر كەمی كردوە و گەنمی ئەو وڵاتە بەهۆی وشكەساڵییەوە لە 13 ملیۆن تۆنەوە بۆ نزیكەی پێنج ملیۆن تۆن كەمی كردوە.

شارەزایانی كشتوكاڵ لە ئێران ئاشكرایان كردوە بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی ئاژەڵ وای كردوە بەشێكی بەرچاو لە گەنمەكانی وڵاتەكە بۆ لەوەڕ و خۆراكی بزن و مەڕ و مانگا بەكار بهێنرێت چونكە جوتیاران و ئاژەڵداران ئەوە بە قازانجیانە لە كاتێكدا گەنم بە نرخێكی زۆر هەرزان لە جوتیاران وەردەگیرێت.

 

سەر فیترە نرخی گەنم لە ئێران بەرز دەكاتەوە

حكومەتی ئێران بە نوسراوی رەسمی رایگەیاند نرخی هەر كیلۆیەك گەنم بە مەبەستی سەر فیترە بە 12 هەزار تەمەن خەمڵێنراوە و گەنمی جوتیارانیش لە ساڵی داهاتودا بە 11 هەزار و 500 تمەن وەردەگیرێت لە كاتێكدا ساڵی رابردو هەر كیلۆیەك گەنم بە حەوت هەزار و 500 تمەن لە جوتیاران وەرگیراوە.

لە نوسراوەكەی حكومەتدا هاتوە بە پێی نرخی گەنم سەر فیترە بۆ هەر كەسێك لە ئێران 40 هەزار تمەنە.

بڕیارەكەی حكومەت بۆ دیاریكردنی كڕینی نرخی گەنم و سەر فیترە بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان و زۆربەی ئەو پێداویستییانەی كە پەیوەندییان بە ئارد و گەنمەوە هەیە و زۆربەی رەخنەگرانی حكومەت بڕیارەكەی حكومەت بۆ دیارییكردنی كڕینی گەنم لە جوتیاران و سەرفیترە بە بریسكەی سەرهەڵدانی گرانیی و بەرزبونەوەی نرخەكان لە ئێران لەقەڵەم دەدەن.

رۆژنامەی (تیجارەت) لە ئێران بڵاوی كردوەتەوە ئەو بڕیارەی حكومەت لە نزیك جەژنی رەمەزاندا بەس بو بۆ ئەوەی نرخی هەر كیلۆیەك ئارد لە دو هەزار و 700 تمەنەوە بۆ نزیكەی 17 هەزار تمەن بەرز بێتەوە و هەر ئەوەش رویدا.

رۆژنامەكە ئاشكرای كردوە نرخی ئارد بۆ سەمونخانەكان لە هەندێك حاڵەتدا و بە تایبەت لە تارانی پایتەخت لە 900 تمەنەوە بە رێژەی (1230%) بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخەكەی گەیشتە 12 هەزار تمەن .

ئەو بڕیارەی حكومەت كاریگەریی لەسەر سەرجەم كاڵاكانی ناو بازاڕەكان هەبوە و بەرزبونەوەكانیش لە نێوان 67% بۆ 200% بوە.

 

جیاوازیی نرخی ئارد لە نانەواخانە گشتی و تایبەتییەكان

محەمەد جەواد كەرەمی سەرۆكی سەندیكای نانەواخانە و سەمونخانەكان لە ئێران رایگەیاندوە؛ نرخی هەر فەردەیەك ئاردی تایبەت بە سەمونخانەكان لە 67 هەزر تمەنەوە كە دەكاتە نزیكەی دو دۆلار و سێ سەنت بۆ 630 هەزار تمەن واتە زیاتر لە 21 دۆلار بەرز بوەتەوە.

كەرەمی رونی كردوەتەوە بەرزبونەوەی نرخی فەردەیەك ئارد نزیكەی 10 هێندەی جارانە و بارگرانییەكەشی لەسەر شانی خەڵكە.

كەرەمی ئاشكرای كردوە كە 80%ی ئاردی حكومی رەوانەی ناونەواخانەكان دەكرێت بەڵام سەمونخانەكان و شوێنی دروستكردنی نانە گەورەكان دەبێت لەمەودا ئاردەكەیان بە نرخی بازاڕی ئازاد دابین بكەن .

پێشتر نرخی هەر كیلۆیەك ئارد بۆ نانەواخانە گشتییەكان دەیكردە 665 تمەن تا 900 تمەن واتە سێ سەنت،هاوكات سەمونخانەكان هەر كیلۆیەك ئاردیان بە دو هەزار و 700 تمەن دەكڕی كە دەیكردە هەشت سەنت بەڵام سەمونخانەكان ناچارن لەمەودوا هەر كیلۆیەك ئارد بە 16 هەزار تمەن بكڕن كە دەكاتە زیاتر لە نیو دۆلار.

 

ئێران لە ساڵێكدا زیاترین بەرهەمی گەنم و ئاردی هەناردە كردوە

ئاژانسی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردوەتەوە لە ساڵێكدا بە بەهای 470 ملیۆن دۆلار بیسكیت و شیرینی و نیشاستەی وەك بەرهەمەكانی ئارد و گەنم هەناردەی وڵاتان كردوە.

ئێران لە ساڵی 2021 بە گشتی دو ملیۆن و 274 هەزا و 872 تۆن ماددەی خۆراكیی بەرهەمهێنراو لە ئارد و گەنمی هەناردە كردوە و بەراورد بەوەی كە لەو ساڵەدا نزیكەی 50 ملیارد دۆلار كاڵای هەناردە كردوە، پشكی هەناردەی گەنم و ئارد 1%ی سەرجەم هەناردەی یەك ساڵی ئێران بوە.

لە وردەكاریی ئامارەكاندا رون كراوەتەوە لە ساڵێكدا 236 هەزار تۆن بە بەهای 84 ملیۆن دۆلار وەك مەعكەرۆنی (پاستا) رەوانەی دەرەوەی ئێران كراوە و هەر لەو ماوەیەشدا بڕی 12 هەزار 800 تۆن بە بەهای سێ ملیۆن و 400 هەزار دۆلار  ئارد و بە بەهای 86 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جۆرە جیاوزەكانی نانی هەناردە دەرەوە كردوە.

هاوكات  هەرلە ماوەی یەك ساڵدا بە بەهای  331 ملیۆن و  دۆلار لە جۆرە جیاوازەكانی بیسكویت و شیرینی هەناردە كردوە كە پێكهاتەی سەرەكییان گەنم و ئارد بوە و نزیكەی 10 هەزار و 200 تۆنیشی وەك نیشاستە هەناردە كردوە كە بەهاكەی دو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار