پەرلەمانی ئەورپا دژی لەشكركێشی ئەردۆغان هەڵوێستێكی توند نیشان دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتیی زۆر بەرامبەر توركیا سەریهەڵدا و پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی تایبەت بە دۆخی توركیادا، چەندین ناڕەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان و داگیركارییەكانی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان نیشاندا.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكاری و داگیركارییەكانی ئەردۆغان بخرێتە دەنگدانەوە و هەڵوێستێكی توند بدەنە حكومەتی توركیا.
لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپادا كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیپێكردووە، ڕاپۆرتێكی تایبەت لەبارەی دۆخی توركیا خوێندرایەوە، لەبارەی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دیموكراسیی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان.
ناچۆ سانچێز ئامۆر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتەكەی خوێندەوە و ڕایگەیاند:" ڕۆڵی جیۆپۆلەتیكی توركیا هەرچییەك بێت یەكێتیی ئەوروپا بێدەنگ نابێت بەرامبەر پێشێلكردنی ئازادییە بنچینەییەكان".
وتیشی: توركیا جیۆپۆلەتیكەكەی بەرامبەر ڕۆژئاوا قۆستووەتەوە و سیاسەتی هێرشكردن بەڕێوەدەبات، لە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكاندا دەردەكەوێت كە بنەماكانی دیموكراسیی لە چ كارەساتێكدان.
هەروەها باسی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)ی كرد كە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە و زیاتر لە سەد شارەوانییە، كە لە چەند مانگی ڕابردوو بڕیاری نایاساییبوون بەسەر سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەكەدا سەپێندراوە، وتیشی:" دەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن وەك یەك بێت، توركیا لە پێگەی داگیركەردایە لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان".
هاوكات دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە توركیا دیموكراسیی بەدی بێت، ئەوا پێویسمان بە هەڵوێستێكی بەهێز هەیە بەرامبەر ئەردۆغان".