لەكەشتیی نوح تا گۆچانی موسا؛ ئیسرائـــیل ریسەكانی ئـێران هەڵدەوەشێنێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیسرائیل بووەتە مۆتەكەی پێگەی ئێران لەناوچەكەداو بە رادەستكردنی زانیارییە نهێنییەكانی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران جارێكی دیكە ئەو وڵاتە دەخاتە لێواری سزادانی نێودەوڵەتییەوە.

زیندوكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمیی لەخەونی گەورەی ئێرانەوە بۆ رێككەوتنێكی بێگیان گۆڕاوەو گرەوی ئێستای واشنتۆن لەئێستادا تەنها راگرتنی پەیكەری ئەو رێككەوتنەیە لەپێناو ئەوەی نەبێتە ئیمتیاز و بەهێزبوونی پێگەی ئابوری و سیاسیی تاران لەئاستی جیهاندا.

ئیسرائیل بە راشكاوی رایگەیاندووە؛ هەموو هەوڵەكانی بۆ پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەخاتەگەڕ، تەنانەت ئەگەر ئەمریكا رێككەوتنی ئەتۆمیی یان هەر جۆرە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران بكات».

ئەمریكا سەرەڕای ئاشكراكردنی بژاردەی نوێ بۆ هێشتنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەسڕكراوی دەیەوێت نەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران و لەو پێناوەشدا ئیسرائیلی دەستكراوە كردووە بۆ پەكخستنی پلانە ئەتۆمییەكانی ئێران.

ئیسرائیل ئاشكرای كردووە لەچوارچێوەی پلانێكی سەربازیی بەناوی كەشتیی نوح ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی سەربازیی دژی بنكەو پێگە سەربازییەكانی ئێران لەناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە و ئامانجی سەرەكیشی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانە.

لەبەرامبەر هەڕەشەو كردارەكانی ئیسرائیل لەدژی ئێران ئەوەی لەتاران و فەرماندە سەربازییەكان بەدی دەكرێت تەنها هەڕەشەی لەناوبردنی تەلئەبیب و هێرشی ئەلیكترۆنیی دژی ئەو وڵاتەیە كە لەلایەن گروپێك بەناو (گۆچانی موسا) ئەنجام دەدرێت.

ئیسرائیل لەماوەی 20 ساڵدا زۆرترین زانای ئەتۆمیی ئێرانی كوشتووە بەبێ ئەوەی تاران سەرەڕای هەڕەشەكان توانیبێتی لەئاستی تەلئەبیبدا وەڵامی پێویستی هەبێت.

 

ئیسرائیل بەكەشتی نوح بەرەنگاری ئێران دەبێتەوە

رۆژێك دوای بەیاننامەی كۆشكی سپی و لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە (2/6/2022) تەلئەبیب مانۆڕێكی سەربازیی بەناوی (گالیسكەكانی ئاگر) لەدەریای ناوەڕاست و دەریای سوور دەستپێكرد.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد ئەو مانۆڕە سەربازییە لەساڵی 2021 بەرنامەی بۆ دانراوە، بەڵام ئەمساڵ جێبەجێ كراوە كەئەویش لەپێناو ئامادەكارییە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەكانی ئێران لەدژی ئیسرائیل و ئاوەكانی كەنداو.

ئەو سوپایە رایگەیاندووە؛ مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ ئەو سیناریۆیانەی كە لەئەگەری هێرشی سەربازیی ئێران لەناوچەكدا روودەدات.

مانۆڕەكەی سوپای ئیسرائیل هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانی بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەكە، كە رایگەیاند؛ تەلئەبیب پلانی سەربازیی ئامادەكراوی دژی ئێران هەیە بەناوی (كەشتی نوح) لەكاتێكدا ئیسرائیل پێشتر و لەساڵی 2002 بەو ناوەوە دەستی بەسەر 15 ملیۆن دۆلار چەكی ئێراندا گرت كەبڕیاربو ئەو چەكانە راستی حزبوڵای لوبنان و چەكدارانی فەلەستین بكات».

 

ئێران بەگۆچانی موسا هێرشی ئەلیكترۆنیی دەكاتە سەر ئیسرائیل

سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەیەكێك لەبەرهەمهێنەكانی پڕۆگرامی هەواڵگریی لەبواری ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر لەجیهان ئەژمار دەكرێت بەڵام ئێران و هەندێك گروپی هاككەر لەم ساڵانەدا دامودەزگا سەرەكییەكانی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانجی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانیان.

گروپی هاككەری (گۆچانی موسا) بەیەكێك لەو گروپانە ئەژمار دەكرێت كە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن و لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زۆرترین هێرشی ئەلیكترۆنییان كردووەتە سەر دامەودەزگاكانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

گروپی گۆچانی موسا تائێستا زانیاریی تایبەتیی و كەسیی دەیڤد بارنیە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و ژمارەیەك لەبەرپرسانی ئەو دەزگایە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەیان بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی مۆساد ئەو گروپە پێگەی سەرەكییان لەناو خاكی فەلەستیندایە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن.

هاوكات لەگەڵ گۆچانی موسا گروپێكی دیكەی هاككەر بەناوی قاسم لەماوەی رابردوودا زۆربەی میدیاو راگەیاندنە فەرمییەكانی ئیسرائیلیان كردە ئامانج و بەپێی زانیارییەكانی دەزگای مۆساد ئەو گروپەش لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن و تەنانەت ناوی گروپەكە ئاماژەیە بەناوی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس-ی سەر بەسوپای پاسداران.

تەلئەبیب و تاران زیاتر لە 40 ساڵە لەدۆخی جەنگدان دژ بەیەكترو لە 20 ساڵی رابردوودا زۆرترین زانای ئەتۆمیی ئێران بەدەستی ئیسرائیل لەناوخۆی وڵاتەكەدا كوژران و دوایین نموونەشیان موحسین فەخریزادە بوو كە بەباوكی ئەتۆمیی ئێران ناو دەهێنرا، بەڵام لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت بەرپرسانی سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لەتەلئەبیب دەكەن هیچ بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلیان نەكردووەتە ئامانج.

 

ئیسرائیل و ئەمریكا دوو ئامانجی هاوتەریب لەئێران دەپێكن

ئەمریكاو ئیسرائیل لەنوێترین كۆبونەوەی بەرپرسانی باڵای ئاسایشیی وڵاتەكەیان لە واشنتۆن رایانگەیاند ئامانجی سەرەكیی هاوكاریی ئەو دوو وڵاتەیە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكتر و راگرتنی جموجۆڵە نائاساییەكانی ئێرانە لەناوچەكەدا.

رۆژی چوارشەممە (1/6/2022) دوای كۆبوونەوەی جەیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكاو ئیلا خولاتا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی لەواشنتۆن، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند؛ بەرپرسانی باڵای دوو وڵاتەكە سەبارەت بە پرسیی ئەتۆمیی ئێران كۆبوونەوەتەوەو هاوڕان بۆ پابەندكردنی تاران بەپێوەرە نێودەوڵەتییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم بەمەبەستی ئاشتیخوازانە.

ئەگەرچی ئەمریكا دوای هەر كۆبوونەوەكەی بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب جەخت لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەكاتەوە بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل هەر دوای ئەو كۆبوونەوانە لێدوانی توند دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بڵاو دەكەنەوە.

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ تەواوبوونی كۆبونەوەی سۆلیڤان و خولاتا بە رۆژنامە (جۆرۆسەلیم پۆست)ی وڵاتەكەی راگەیاند؛ تەلئەبیب لە دەرەوەی بازنەی رێككەوتنی نێودەوڵەتیی ئێران و وڵاتانی 5+1 بڕیار دەدات و هیچ رێككەوتنێكی نهێنی و ئاشكرای واشنتۆن و تاران وا ناكات ئیسرائیل لە هەنگاوەكانی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پاشەكشە بكات.

لاپید وتوویەتی: ئێران لە ئیستادا ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراوی گەیاندووەتە 60% لەكاتێكدا ئەگەر ئەو رێژەیە بگاتە 90% ئەوا تاران دەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم و كێشەی گەورە بۆ ناوچەكە دروستدەكات، بۆیە ئیسرائیل بڕیاری داوە هەر جووڵەیەكی نائاسایی و هێرشێكی ئێران لەنزیك سنورەكانی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرش لەناوخۆی ئێران وەڵام بداتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە كردوەتەوە وڵاتەكی پلانی سەربازیی ئامادەكراوی هەیە دژی ئێران و بەدڵنیاییەوە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی.

گڵوپی سەوزی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل

چارەنووسی پرسی ئەتۆمیی كەوتووەتە دەست ئیسرائیل و ئاماژەكانی ئەوەش بە رادەستكردنی زانیارییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەتۆم دەركەوتووە.

رۆژنامەی نیویۆك تایمز بڵاوی كردووەتەوە رۆژی هەینی (3/6/2022) تەنها سێ رۆژ پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نەفتالی بێنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ رافائیل گروسی، سەرۆكی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئۆرشەلیم كۆبووەتەوە و سەرجەم ئەو زانیارییە نهێنیانەی كە تەلئەبیب لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەدەستی هێناوە رادەستی گروسی كردووە.

گروسی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بێنێت هیچ لێدوانێكی سەبارەت بەو زانیارییانەی ئیسرائیل لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە نەداو تەنها رایگەیاند ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی خۆی بڕیار لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەدات.

رۆژنامەی نیۆیۆرك ئاشكرای كردووە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەستی كەوتووە، تاران گەیشتووەتە قۆناغێك لە پیتاندنی یۆرانیۆم كە تەنها كاردانەوەی سەربازیی توند دەتوانێت وڵاتەكە لەگەیشتن بەچەكی ئەتۆمیی رابگرێت چونكە پیتاندنی یۆرانیۆمی لەهەندێك دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 60%.

ئێران كە نیگەرانیی خۆی لە كۆبوونەوەی نێوان گروسی و بێنێت راگەیاندووە لە بەیاننامەیەكدا داوای لەئاژانسی ئەتۆمیی و ئەمریكاو سێ وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا كردووە نەكەونە ژێر كاریگەریی ئیسرائیل و دەنگ نەدەن بەپێش نووسی ئەو بڕیارەی كە خودی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئامادەیان كردووە.

پێگەی ئەكسیۆس لەئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا، نایەوێت رێككەوتنی ئەتۆمیی بەتەواوەتی هەڵوەشێتەوە و مەرگی ئەو رێككەوتنە رابگەیەنێت لەساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 كراوە لەو پێناوەشدا دەیەوێت فشارەكانی سەر تاران زیاد بكات و یەكێك لەفشارەكانیش هەنگاوەكانی تەلئەبیبە لەدژی ئێران بەم مەبەستەش گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە تا تاران ناچار بكات بگەڕێتەوە بۆ مێزی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا.

ئاژانسی ئەتۆمیی لەسەر زانیارییەكانی ئیسرائیل بڕیار لەچارەنووسی ئێران دەدات

ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم ئاشكرای كردووە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی 18 هێندەی پێوەری ناو رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرز كردوەتەووە و بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ی وڵاتەكەش لە 33 كیۆگرام بۆ 43 كیلۆگرام زیادی كردووە.

لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نابێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە 3.5٪ زیاتر بێت .

رافائیل گروسی رۆژی دووشەممە (6/6/2022) لەكاتی دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم رایگەیاند ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی چەند هەنگاوێكی كەمی ماوە.

گروسی بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك بەڵگە ئاشكرای كردووە ئێران ژمارەی كورە ئەتۆمییەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەكانی تاران لەپێناو گەیشتن بەتەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئەتۆمیی.

پێدەچێت وڵاتانی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە كە بەشێكی سەرەكیی سەرچاوەكەی هەمان ئەو زانیارییانەیە كە ئیسرائیل رادەستی سەرۆكی ئاژانسەكەی كردووە، بەیاننامەیەك لە دژی ئێران بڵاو بكرێتەوە و ئەوەش وا دەكات سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنرێت.

بڕیاڕە رۆژی پێنجشەممە (9/6/2022) رەشنووسی ئامادەكراوی بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەئاژانسی ئەتۆمیی بخرێتە دەنگدانەوەو 13 وڵات لەكۆی 35 وڵات چارەنووسی ئێران یەكلایی دەكەنەوە.

یۆنان لەمانگی رابردوودا دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری روسی بەناوی (لارا)دا گرت كە بڕی 700 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی دەگواستەوە، دوای سێ هەفتەش لە راگرتنی كەشتییەكە، نەوتەكەی رادەستی ئەمریكا كرد لەبەرامبەردا دوو رۆژی دوای رووداوەكە رۆژی هەینی رابردوو ئێران دەستی بەسەر دوو كەشتیی یۆناندا گرت كە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقیان پێبوو.

سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی هەینی (29/5/2022) رایگەیاند دەستیان بەسەر دوو كەشتیی نەوتهەڵگری یۆناندا گرتووە كە سنوورە ئاوییەكانی ئێرانیان بەزاندووە دوای چەند رۆژێكیش لەو رووداوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێكدا لە رێوڕەسمی یادی 32یەمین ساڵی مردنی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی، رایگەیاند وڵاتەكەی بە دەستبەسەراگرتنی ئەو دوو كەشتییە نەوتهەڵگرە نەوتی خۆی وەرگرتووەتەوە.

خامنەیی وتی: ئێران بەو هەنگاوە نەوتە دزارەوەكەی خۆی لەئەمریكاو هاوپەیمانانی سەندووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەوروپا بڵاوی كردووەتەوە: بەریككەوتنەكانی ئەمریكاو ئێران لەناوچەكەدا زیادی كردووە و ئەوەش ئاماژەیكی روونی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانە، چونكە واشنتۆن پلانی دیكەی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران و هاوكات دەیەوێت رێككەوتنی ئەتۆمیی تەنها وەك پەیكەرێكی بێگیان یان بێهۆش رابگرێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە دەستبەسەراگرتنی نەوتی ئێران و وەڵامەكەی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوو كەشتیی یۆنان دەرەنجامی بنبەستی دانوستانەكانی ڤیەننایە بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار