ئەڵمانیا بڕیارێك لە بەژەوەندی پەنابەران دەردەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند:" ئەڵمانیا بۆ ئەو پەنابەرانەی ماوەیەكی زۆرە لەو وڵاتە دەژین بڕیاریدا بە پێدانی مافی پەنابەرێتی پێیان بەو مەرجەی پێنج ساڵ زیاتربێت نیشتەجێ بووبن".
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی (نۆفایفسفایر)ی ئەڵمانیا بڕیاری دا بە پێدانی مافی پەنابەرێتی بۆ ئەو پەنابەرانەی، كە ماوەی پێنج ساڵە لەو وڵاتە دەژێن و چارەنووسی مانەوەیان لە وڵاتی ئەڵمانیا نادیارە و تەنها مۆڵەتی مانەوەی كاتیان هەیە.
هەروەها راشیگەیاند:" “ئەم بڕیارە ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە، كە هیچ پێشینەیەكی تاوانیان نیە و سزا نەدراون و زمانی ئەڵمانی بە باشی فێر بوون و كار دەكەن”.
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە بەپێی بڕیارەكە، ئەو پەنابەرانە بۆ ساڵێك مافی پەنابەرێتی وەردەگرن وەك تاقیكردنەوە و دوای ئەو ساڵە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، كە ئەم پەنابەرە شایستەیە بمێنێتەوە بە شێوەیەكی هەمیشەی لە وڵاتی ئەڵمانیا یاخود شایستە نیە.
بە وتەی ئاری جەلال، “زیاتر لە 280 هەزار پەنابەر لە وڵاتی ئەڵمانیادا دەژێن و داوای مافی پەنابەریان كردووە”.
د. یۆئاخن شناب، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی (نۆفایفسفایر) ڕاشیگەیاندووە، ئەم بڕیارە دەرفەتێكی باش و گونجاوە، كە لەبەرژەوەندی ئەو پەنابەرانەیە، كە بە باشی خۆیان گونجاندوە لەگەڵ ژیان كردن لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەوڵی مانەوەی هەمیشەی دەدەن .