"ئەردۆغان شەڕەنگێزە.. ئامانجیەتی ئەزموونی رۆژئاڤای كوردستان تێكبدات"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند:" لە هێرشە ئاسمانییەكەی دوێنێی دەوڵەتی توركدا لە شارۆچكەی كەلار، فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهیدبووە".
ئەمڕۆ 18ی حوزەیرانی 2022، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاڤای كوردستان) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" دوێنێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، كە بۆ ئەنجامدانی پشكنین و چارەسەری پزیشكیی سەردانی سلێمانی كردبوو".
هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە كە" ئەم كارە شەڕانگێزەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی بەئامانجكردنی ئیدارەی خۆسەر و تێكدانی ئەزموونەكانییەتی لەڕێگەی لەناوبردنی بەرنامە بۆداڕێژراوی گەلەكەمانەوە".
ئیداری خۆسەر ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە بە تووندترین شێوە ئەم كارە ترسنۆكانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك ئیدانە دەكەن كە بەشێكە لە تیرۆری دەوڵەت و جینۆساید.
هاوكات، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەرببڕن،" داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، ڕۆڵی خۆیان بە فشار خستنە سەر دەوڵەتی تورك بگێڕن، بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، كە سەقامگیریی ناوچەكە تێكدەدات، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێك هەبێت، سەروەریی وڵاتانی سەربەخۆ پێشێل دەكەن و دژایەتیی هەموو ستاندارد و جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان دەكەن".
لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تورکیا ئوتومبێلێکی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار کەس شەهید بوون، تەقینەوەکە لە باکوری کەلار، لە پشت سایلۆی دانەوێڵەی گەرمیان و لە رێگای نێوان گوندی (بەرلوت) و (قاسم ئاغا)ی کەلار بووە.
ئۆتۆمبیلەکە پێنج سەرنشینی خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستانی تێدا بووە، چواریان شەهید بوون کە دوانیان ژنن و یەکێکی دیکەش بریندارە.
پێشتر نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان ئاماژەى بەوە كرد لەسەر هەموو كوردێك واجبە بەرخودان بكات دژی سوپای ئەردۆغان وتى:" تەنها نیەتی قڕكردنی گەلی كوردە لەباشور بێت یان رۆژئاڤای كوردستان.
ئەڤین سوێد، نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتندا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ لەشكركێشی و داگیركاری لە رۆژئاڤای كوردستان جدییەو وتی:» هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان».