بانكی رافیدەین بووەتە خێرو بەرەكەت بۆ هاوڵاتیانی عێراق
"بۆ كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوون 150 ملیۆن دینار دەدەینە هاوڵاتیان لە كرێچێتی رزگاریان ببێت".
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بانكی رافدەینی عێراقی رایگەیاند، دەستیان بە پێدانی قەرزی 150 ملیۆن دیناری كردوە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت یەكەی نیشتەجێبون بكڕن.
ئەمڕۆ هەینی 24ی حوزەیران، بانكی رافدەین لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قەرزی 150 ملیۆن دیناری بۆ ئەو هاوڵاتیانە تەرخاندەكرێت كە كرێچین و دەیانەوێت یەكەی نیشتەجێبون بكڕن، رێژەی سوی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەش تەنها 4% دەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە جێبەجێكردنی رێكار و مامەڵەكان لەڕێگەی لقەكانی بانكی رافدەینەوە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەبێت
كەسانی بەشدار لەبانكی ڕافیدەین، دەتوانن قەرزی درێژخایەن لەسەر موچەكانیان وەربگرن و مانگانە بڕێك لەموچەكانیان لەلایەن ئەو بانكەوە وەردەگیرێتەوە .
تا ئێستا هەردوو بانكی ڕافدەین و ڕەشید كە بە دوو بانكی نیمچە فەرمی، ناسراون سەرەڕای چەند هەوڵێكیش، بەڵام لقەكانیان لەشارەكانی هەرێم نییەو حكومەتی هەرێم ئامادە نییە ئەو موڵكانەیان پێبداتەوە كە پێشتر هەیانبووە، بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەوڵیانداوە، بەڵام حكومەتی هەرێم هاوكاری نەكردوون.
لەكاتێكدا ئەو دوو بانكە بۆ هاوڵاتیانی 15 پارێزگای عێراق بوونەتە خێرو بەرەكەت و بەردەوام قەرز دەداتە هاوڵاتیان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هیچ بانكێك نییە قەرزی بەو شێوەیە بداتە خەڵك، ئەوەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان زیاد كردووە كە بەپێی ئاماری فەرمی لەسەدا 25ی هاوڵاتیانی هەرێم لە خانوو و یەكەی كرێچیدان و ئەوانەی ناویان لە كۆمەڵەی كرێنشینان تۆمار كردووە.